هەڵەبجەییەکان بەجێبەجێ کردنی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران خۆشحاڵن

چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی هەڵەبجە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر خزمەتکردنی پارێزگای هەڵەبجە خۆشحاڵن و دەڵێن ساڵانێکە چاوەڕێ دەکەن ئەو بڕیارانە بۆ شارەکەیان بدرێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە کردەیی دەیەوێت خزمەتی پارێزگای هەڵەبجە بکات.

سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمدار بوو، کاتێک چەند مانگێک پێش ئيستا چەند داواکارییەک خرایە بەردەم سەرۆکوەزیران و ڕەزامەندی لەسەر سەرجەمیان داواکارییەکان درا.

بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان، ئاستی خزمەتگوزاریی لە هەڵەبجە دەچێتە قۆناخێکی زۆر باشەوە. بڕیارەکان بریتین لە زیادكردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامییەتەكان و شارەدێکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 56 ملیۆن دینارەوە بۆ 134 ملیۆن دینار. پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامییەتەكان بۆ خەرجكردنی پێشینەی كتوپڕ، کە ئەمەش بە بڕوای چالاکوانانی هەڵەبجە گرنگیی زۆری دەبێت بۆ شارەکەیان.

شەهێن عومەر، چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەڵێت: ئەم بڕیارانە هەموویان خزمەتن بەهەڵەبجە لەڕووی ئابوریی و خزمەتگوزاریەکانەوە؛ هەروەها لەڕووی ئەوەی کە هەڵەبجە خۆی شارێکی گەشتیارییە بەڵام خزمەتگوزاریەکانی کەمن ئەمە دەرفەتێکی تر دەبەخشێ بەوەی کە بتوانین خزمەتگوزارییەکان زیاتر بکەین بۆ ئەوەی کە گەشتیاران ناچار نەبن بە گەڕانەوە بۆ شوێنی مانەوەیان لە جێگەیەکی تر.

بەشێکی دیکە لەو بڕیارانەی بۆ خزمەتکردنی زیاتری سنووری پارێزگای هەڵەبجە دراون، بریتین لە کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەڵەبجە و میلاكی بۆ دەستنیشان بكرێت.

هەروەها ‎ڕەزامەندیی دراوە لەسەر دامەزراندنی 52 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و ‎بڕیاریش دراوە بە دابینکردنی 23 ئۆتۆمبێل بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامییەتەكانی.

هاووڵاتییانى هەڵەبجە گەشبینن و بڕوایان وایە بڕیارەکان خزمەتى زۆر باش بە شارەکەیان دەکەن. لەمبارەوە تەیب بورهان دەڵێت: هەموومان دڵخۆش بووین بەوەی سەرکوەزیران سەردانی هەڵەبجەی کرد، بەڕاستی خاڵەکان هێندە زۆرن ئەو پڕۆژانەی هێندە زۆرن مەگەر لیستێک بهێنین و بیان خوێنینەوە تاوەکوو بزانین قسە لەسەر خاڵ بە خاڵیان بکەین، من لە چەند خاڵێکدا کۆی دەکەمەوە، لەوانە تەرخان کردنی ڕێژەی لەسەدا بیستی دەروازە سنوورییەکان بۆ پارێزگا و قائیمقامییەت و شارەدێکان بەڕاستی ئەمە مایەی  دڵخۆشییەکی زۆرە.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی هەڵەبجە دەڵێت: ئەو بڕیارانە من خۆم بینومە خوێندومەتەوە شتی زۆر زۆر باشی تیایە بەڕاستی ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێن جووڵەیەکی باش لەهەموو ڕوویەکی بازرگانی و ئابوورییەوە دەکەوێتە ناو شاری هەڵەبجە. دەستی کار زۆر دەبێت چیتر گەنجەکانمان ناچار نابن شارەکەمان جێ بهێڵن.

هەڵەبجەییەکان زۆر دڵخۆشن ب بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران و فەرماندان بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی و خزمەتگوزارییەکانی شارەکە، کە جیا لەوەی شارکە دەبوژێنێتەوە، دەبێتە هەلی ڕەخساندنی چەندین دەرفەتی کاریش.