ژمارەی یەكەمی ژۆڕناڵی ئاوەز كەوتە بەردیدی خوێنەران

ژمارەی یەكەمی ژۆڕناڵی ئاوەز
ژمارەی یەكەمی ژۆڕناڵی ئاوەز

K24 - هەولێر:

ئاوەز ژۆڕناڵێكی وەرزانەی هزری، مەعریفی و تیۆرییە؛ گرنگی بە فەلسەفە، زانست و ئاوەزگەری دەدات.

ئاوەز (كە بەمانای عەقڵ دێت) چاوی لە بەرزڕاگرتنی دەنگی ئاوەز و ئاوەزگەری لە كولتووری كوردیدا بڕیوە و لە كاتێكدا دەردەچێت كە لەناو جڤاتی كوردیدا یەك ژۆڕناڵ یا گۆڤاری فیكری - فەلسەفی لە ئارادا نییە و جڤاتەكە سیخناخە لە ئەو هێزانەی كە دژی ئاوەز و دژی ئازادی و دژی زانست و فەلسەفەن.

ژۆڕناڵی ئاوەز چاوی لەوە بڕیوە كە ببێتە مینبەرێك بۆ هەموو ئەو نووسەر، ڕۆشنبیر و بیرمەندانەی كە داكۆكی لە ئاوەزگەری و زانست دەكەن.

ژۆڕناڵی ئاوەز لە سێ بەش پێكدێت: باس و لێكۆڵینەوە و تەوەرەی ژمارە و خوێندنەوەی كتێب. تەوەرەی ژمارەی یەكەم تایبەتە بە (زمان و ناسنامە)، تەوەرەی ژمارەی داهاتوو تایبەت دەبێت بە (زانست).

فاروق ڕەفیق سەرنووسەری ژۆڕناڵەكەیە و دامەزراوەی (كوردستان کرۆنیکڵ) سپۆنسەری ئەم بڵاوكراوەیە دەكات.