شارەزایانی ئابووری هۆشداری لە زیادبوونی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق دەدەن

K24 – هەولێر:
زیادبوونی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق بەردەوامە و شارەزایانی ئابووریش لەبارەی قەرزە ناوخۆییەکان هۆشداری دەدەن و ڕایدەگەیەنن ڕەنگە ئەمە قەیرانێکی سەختی بانکی بەدوا خۆیدا بهێنێت، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەو قەرزانەی لە بانکەکان کراوە پارەی هاووڵاتیانە و لە بانکەکان پاشەکەوت کراوە.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق، هەڕەشە لە سیستەمی دارایی و بانکی ئەو وڵاتە دەکات، دوا ئامارەکان دەریدەخەن، قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق گەیشتووەتە 80 ترلیۆن دینار کە یەکسانە بە زیاتر لە 40% کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و نزیکەی 80%ـی داهاتی ساڵانەی عێراق.
ئەم دۆخە نیگەرانی لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتیی لێکەوتووەتەوە. لە کاتێکدا خەرجییەکانی عێراق لە خەرجی بەگەڕخستن ساڵ دوای ساڵ بەرز دەبێتەوە، خستنی خەرجییەکانی وەبەرهێنان پشتگوێخراوە.
عێراق قەرز بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن بەکاردەهێنێت، لەوانە؛ مووچە و پشتگیرییەکانی حکوومەت کە بەشداری ناکات لە دروستکردنی وەبەرهێنانی درێژخایەن و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی گشتی. ئەمە جیا لەوەی سنووردارنەکردنی قەرزەکان قەیرانی دارایی لێدەکەوێتەوە، ساڵانە ئەم قەرزانە پێویستیان بە سوو و گەڕاندنەوە هەیە، لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت کە پێکهێنەری سەرەکی داهاتی گشتیی عێراقە، ئەو وڵاتە دووچاری قەیرانێکی قوڵی دارایی دەکاتەوە.
مەنار عوبێدی، شارەزای ئابووری، ئەو بۆچوونانە ڕەت دەکاتەوە، کە قەرزە ناوخۆییەکان بێ مەترسی هەژمار دەکەن، ڕایدەگەیەنێت، ئەو قەرزانەی لە دامەزراوە داراییە ناوخۆییەکان قەرز دەکرێت، لە بنەڕەتدا پارەی هاووڵاتییانە کە لە بانکەکان پاشەکەوتکراوە ئەگەر حکوومەت نەتوانێت ئەم پارەیە بگەڕێنێتەوە ئەوا قەیرانێکی سەختی بانکی هاوشێوەی لوبنانی لێ دەکەوێتەوە و متمانە بە سیستەمی بانکی نامێنێت.
عوبێدی، داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن و ئاراستەکردنی قەرزەکان بەرەو خەرجی وەبەرهێنان دەکات کە دەتوانێت هەلی کار بڕەخسێنێت و فشارەکان لەسەر کەرتی گشتی کەم بکاتەوە.