کفری.. كاسبكاران دژی ڕێگرییهكانی سوپای عێراق ڕێگەی کەرکووک - گەرمیانیان داخست
K24 – کفری:
جارێکی دیكە سوپای عێراق لە بازگەی سلێمان بەگ بە ئاراستەی کفری دەستیان بە ڕێگریی کرد لەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی ئاسنی کۆنە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ شارۆچکەی کفری دەگوازنەوە ئەمەش کاردانەوەی سەدان کرێکار و خاوەن کاریی کفری لێ کەوتەوە.
خۆپیشاندەران دەڵێن زیاتر لە 400 خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردن و بارزگانیکردن بەو ئاسنانەیە، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بازگەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگریی لە گواستنەوەی ئاسنی کۆنە نەکەن بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام سوپای عێراق لەو بازگەیە ڕێگرییەکانیان بەردەوامە و و بە گوتەی کاسبکاران: "سوپای عێراق داوای سەرانەیان لێ دەكەن".
هاشم ساڵح، نوێنەری خۆپیشاندەران دەڵێت: ئەو كارەی سوپای عێراق دەیكات تەنیا زیانگەیاندنە بەو ھاووڵاتییانەی بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم كارەیە، بۆیە ئێمەش ڕێگەی سەرەكی كەركووك - گەرمیانمان داخستووە، دەیانەوێت داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی ڕێگەكە بكەنەوە.
سەرباری ئەوەی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق بە هێزێکی زۆرەوە چوونە لای خۆپیشاندەران و ویستیان ڕێگەکە بکەنەوە، بەڵام خۆپیشاندەران سوور بوون لەسەر ئەوەی خێوەت لەسەر ڕێگە سەرەکییەکە هەڵبدەن و ڕێگە نەدەن هاتووچۆ کردن بەردەوام بێت، تاوەکوو گرفتەکانیان بۆ چارە دەکرێت.