کوردانی تاراوگە: کوردستان ئارامترین و ئاوەدانترین شوێنە بۆ ژیان

زۆرینەی کوردانی دانیشتووی سوید هەوڵ دەدەن لە کوردستان یەکەیەکی نیشتەجێبوون یاخود موڵک بکڕن، بەو ئامانجەی لەهەر دەرفەتێکدا بۆیان گونجا، بگەڕێنەوە کوردستان، شارەزایەکی بواری خانووبەرە لە سوید دەڵێت: هەولێر وەکو یەکێک لە ئارامترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنانە، بۆیە زۆرترین خواستی کوردانی تاراوگەی لەسەرە تاکوو لەوێ خانووبەرە بکڕن.
زیرەک خەڵکی هەولێرە و لە سوید دەژیت، بەڵام هەوڵی داوە لە کوردستانیش ماڵ و موڵکی هەبێت و باس لە هۆکاریی کڕینی خانوو دەکات، ئەو پێی وایە ئارامی و ئاوەدانی هۆی زیاتر گەڕانەوەی خەڵکانی تاراوگەن بۆ کوردستان.
زیرەک حاجی تەها، کوردێکی دانیشتووی سویدە و دەڵێت: کوردستان وڵاتی دایکە، لەبەر ئەوەی ساڵانێکە لە سوید دەژیم، سەدا 95ـی کوردانی دانیشتووی سوید باس لەوە دەکەن، ڕۆژێک دەگەڕێینەوە کوردستان، بۆیە گرنگە هەر یەکێکمان بتوانین ژوورێک یاخود دووانمان هەبێت بۆ ئەو ڕۆژەی دەگەڕێینەوە کوردستان، هەموومان چاومان لەوەیە ڕۆژێک بگەڕێینەوە کوردستان.
بۆتان بەرزنجی، خاوەنی نووسینگەیەکی فرۆشتنی خانووبەرەیە لە سوید دەڵێت: هۆی ئەوەی کوردانی سوید موڵک لە کوردستان و هەولێر دەکڕن ئەوەیە، خۆیان خەڵکی وڵاتەکەن و حەز دەکەن موڵکیان هەبێت لە کوردستان، هیچ بازاڕێکی دیکەش جگە لەوە شک نابەن موڵکی تێدا بکڕن، بەتایبەت ئێستا کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە. بەتایبەت خواست لەسەر هەولێر زۆرە، چونکە ئابوورییەکەی گەشە دەکات، کۆمپانیا و پارەی زۆری تێدایە.
نزیکەی 150 هەزار کورد لە سوید دەژین کە ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، زۆربەیان لە شارەکانی کوردستان خانووبەرەیان کڕیوە، لەم چەند ساڵەی دوایشدا دەیان کەس سویدیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە کوردستان، وەک بەشێک لە کوردانی تاراوگە دەڵێن: ئێستا کوردستان ئارامترین و ئاوەدانترین شوێنە بۆ ژیان.