لە ئەفغانستان یەک ملیۆن و 400 هەزار کچ لە خوێندن بێبەش کراون
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانستی و ڕۆشنبیری 'یونسکۆ' لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، لانیکەم ملیۆنێک و 400 هەزار کچ لە خوێندنی ناوەندی بێبەش کراون، بەمەش ئایندەی نەوەیەک دەکەوێتە مەترسییەوە.
یونسکۆ ئاماژەی بەوەش داوە "دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی سەرەتاییش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی ناویان لە قوتابخانەکان تۆمار کردووە، نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار کەس دابەزیوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر وەرگرتنەوەی دەسەڵاتیان لە 15ـی ئابی 2021".
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی "سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ناونووسنەکردن لە قوتابخانەکان، کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی کارکردنی منداڵان و زەماوەندی پێشوەختە". هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە "ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کچ هەن مافی خوێندنیان لێ زەوت کراوە، کە دەکاتە 80%ی کچانی ئەفغانی کە تەمەنی خوێندنیان هەیە".
ئەفغانستان، تاکە وڵاتی جیهانە کە ناهێڵێت کچان و ئافرەتان لە قۆناغی ناوەندی و زانکۆکان ناویان تۆمار بکەن، یونسکۆ دەڵێت: لە ئەنجامی ئەو قەدەغەکردنەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبانەوە سەپێنراوە، نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار کچ لە ساڵی 2021ەوە بە ئەنقەست ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە خوێندنی ناوەندی.
ئەمەش بە بەراورد بەو سەرژمێرییەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی نیسانی 2023 کرابوو، 300 هەزار کچ زیادی کردووە.
ئۆدری ئازۆلای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئامادەیی دەرببڕێت " بۆ کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان بەبێ مەرج بۆ کچان و ئافرەتانی ئەفغانی" ئازۆلای گوتیشی: ژمارەی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە ئەفغانستانیش کەمی کردووە و لە ساڵی 2022دا 5.7 ملیۆن کچ و کوڕ تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا 6.8 ملیۆن قوتابی بووە.
ئازۆلای دەڵێت: لە ئەنجامدا، وڵات بە خێرایی ڕووبەڕووی کەمی دەرچووان دەبێتەوە کە بۆ کارامەترین کار ڕاهێنراون، ئەمەش تەنها کێشەکانی گەشەپێدان گەورەتر دەکات.