خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لەبارەی ڤیزای ئیماراتەوە ڕوونکردنەوە دەدات

گۆڤەند تەها عومەر، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە هەولێر
گۆڤەند تەها عومەر، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە هەولێر

K24 – هەولێر:

خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە هەولێر ئاشکرای کرد: لە 13ـی ئابەوە پێدانی  ڤیزای ئیمارات بە هاووڵاتییانی سەڵتی عێراقی و سووری تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.

پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، گۆڤەند تەها عومەر، خاوەنی کۆمپانیای کەی تی ئۆ (KTO)، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وڵاتی ئیمارات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بکات، لە 13ـی ئابی ئەمساڵەوە پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی سەڵتی عێراق و سووری تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە.

ئەو خاوەنی کۆمپانیا گەشتیارییە، ئاماژەی بەوە کرد: ئێستە تەنیا پێدانی ڤیزای ئیمارات بۆ خێزان بەردەستە و دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی پێشکەش بکەن و بۆ سەڵت بەردەست نییە، هەروەها ئەمە یەکەم جارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئیمارات پێدانی ڤیزا بۆ سەڵت ڕابگرێت.

چوارشەممە 14ـی ئابی 2024 لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: وڵاتی ئیمارات تا ئێستە بە نووسراو فەرمی لەبارەی ئەو کێشەیە ئاگادارمانی نەکردووەتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و توندتر بکرێن.

لاوەند مەموندی، ئاماژەی بەوە کرد: هۆی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزای ئیمارات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک گەشتیاران ڤیزا وەردەگرن و ڤیزاکەی بۆ ماوەی 30 ڕۆژە، بەڵام کە دەگەنە ئیمارات، زیاتر لە 30 ڕۆژ دەمێنێنەوە و داوای دەرهێنانی نیشنگە دەکەن، بەو چەشنەش ئەو کۆمپانیایانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڤیزاکانیان بۆ هاووڵاتییان وەرگرتووە تووشی کێشە دەبن بەرامبەر بە حکوومەتی ئیمارات.