لە سلێمانی؛ گەرما و ئاوی خواردنەوە بوونەتە هۆکاری سکچوون و ڕشانەوەی هاووڵاتییان

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، هۆشیاری لەبەرزبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە پارێزگاكەدا دەدات، بەتایبەت لەم مانگەدا، جگە لەهۆكاری بەرز بوونەوەی پلەكانی گەرما یەكێك لە هۆكارەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ خواردنەوەی ئاوی پیس، بەرێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیان دەكات، تەنها ئەو ئاوانە بەكاربهێنن كە لەلایەن بەرێوبەرایەتیی ئاو دابەش دەكرێت.
زۆرینەی ئەو گەڕەكانەی لە سەر ماستەر پلانی سلێمانی نوێ دروست بوون، تۆڕی ئاویان بۆ ڕانەکێشراوە، بەشێكیان لە ڕێگەی تەنكەرەوە ئاویان بۆ دابین دەكرێت، زۆرینەی ماڵەكانیش بە هۆكاری ئەوەی بە چەندان ڕۆژ بۆ ماوەیەكی كەم ئاویان پێدەدرێت ناچارن ئاو بكڕن بەبێ ئەوەی دڵنیابن ئەو ئاوە شیاوە بۆ خواردنەوەیە یاخود نا.
عوسمان عەبدوڵڵا، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر دوو بۆ سێ ڕۆژ ئاو نەیەت خەڵکی ناچارە ئاو بکرێت بێ ئاو ژیان ناکرێت، ئاوی تەنکەرەکانیش کەس نازانێت ئاویپاکن یاخود نا بە هاووڵاتییانی دەفرۆشن.
زۆرینەی ئەو كەسانەی لەناو هۆڵەكانی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشخانەکان دەبینرێت، بەهۆكاری تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە .
بەنان محەممەد، پزیشك دەڵێ، "هۆکاری ئەو نەخۆشییانەی بڵاو بووەتەوە گەرمایە، چونکە لە گەرمادا ڤایرۆس و بەکتریا زیاتر گەشە دەکەن، زیاتریش لەناو ئاودایە کە دەبنە هۆی سکچوون و ڕشانەوە و دەگوازرێنەوە، هەر بۆیە ئاو بە هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیانە دادەنرێت".
بەرێویەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە ڕێگای سێ هێڵی ئاوی "پڕۆژەی یەك و دووی دووكان -سلێمانی ,هێلی پرۆژەی ئاوی سەرچنار" ئاو بۆ پارێزگای سلێمانی و بەشێك لە شار و شارەدێی سنووری پارێزگاكە دابین دەكات، كە ئاستی دابینکردنی ئاو 250-300 هەزار مەتر سێ جایە لە ماوەی 24 كاتژمێردا، بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانیش داوا لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە دەكات، كە تۆڕی ئاویان بۆ ڕانەکێشراوە دڵنیاببنەوە لە پاكی ئەو ئاوانەی بە تەنكەر پێیان دەگات، بەر لە بەكارهێنانیان.
ئامانج جەلال، بەرپرسی ڕاگەیاندی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی گوتی، " تەنکەر هەیە لە ڕێگەی شەمعەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانییەوە ئاو دەبەن بۆ هاووڵاتییان، هەمان ئاوە دەیدەن بە هاووڵاتییان، بەڵام تەنکەری ئاوەکان ئێمە لۆگۆمان پێوە کردوون کە ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیی لەسەرە، پشکنینیان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو تەنکەرەی کە شیاوە ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، هەر هاووڵاتییەک گرفتێکی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات و سکاڵای خۆی تۆمار بکات".