عێراق یەکەمین هاوردەکاری کاڵای ئوردنییە
ژووری بازرگانی ئوردن ڕایگەیاند، عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەی کە کاڵای بازرگانی لە ئوردنەوە هاوردە دەکەن، لە پلەی یەکەمدایە.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئابی 2024، ژووری بازرگانی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا عێراق یەکەم وڵاتە لە هاوردەکردنی کاڵا لە ئوردنەوە". ئاماژەی بەوەش دا "لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵدا بە بڕی 387 ملیۆن دیناری ئوردنی کەلوپەلی هاوردە کردووە، دوای ئەویش سعوودیە دێت بە 64 ملیۆن دیناری ئوردنی، پاشان میسر بە 61 ملیۆن دینار و ئیماراتیش بەبەهای 52 ملیۆن دیناری ئوردنی کەلو پەلی هاوردە کردووە.
ژووری بازرگانی ئوردنی باسی لەوەش کردووە "هەناردەی ژوور لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵ لە بەرهەمە دەرەکییەکان واتە (دوبارە هەناردەکردنەوە)، نزیکەی 400 ملیۆن دیناری دەست کەوتووە، واتە لە پیشەسازی 158 ملیۆن دینار، کشتوکاڵی 104 ملیۆن دینار، عەرەبی 54 ملیۆن دینار و ئەوەی ماوەتەوە بۆ بەرهەمەکانی دیکە بووە".
100 دۆلاری ئەمەریکی یەکسانە بە نزیکەی 70 دیناری ئوردنی.
جێگای سەرنجە عێراق زۆربەی کاڵاکان لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکات، دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئوردن بازاڕێکی گەورە بوو بۆ عێراق.