سەعید هەرکی: هەماهەنگی زیاتری پێشمەرگە و سوپای عێراق پێویستی بە لیوای هاوبەشی زیاترە

سەعید هەرکی، شارەزای کاروباری پێشمەرگە
سەعید هەرکی، شارەزای کاروباری پێشمەرگە

K24 – هەولێر:

تاوه‌كوو ئێستە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەو دوو لیوا هاوبەشە نەدراوە کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بۆشایی ئەمنی نێوانییان پێکهێندراوە.

دوو لیوا هاوبەشەکەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هێشتا دەستبەکار نەبوون، لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی دابینکردنی بوودجە و کێشە سەربازییەکانیان چارە کران، بەڵام تا ئێستە ئەرک و بەرپرسیارێتییان پێ نەدراوە، بۆیە هەمیشە چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە جموجۆڵ دەکەن.

سەعید هەرکی، شارەزای کاروباری پێشمەرگە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داعش تەواو لەناو نەچووە و لە جموجۆڵەکانیان بەردەوامن، بە تایبەتی لە شوێنی بۆشایی ئەمنییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ کنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە دەبێت هەماهەنگییەکی زیاتری نیوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هەبێت.

ناوبراو گوتیشی: پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان لە ماوەی ڕابردوودا بە بیناوی نەبوونی و قەیرانی دارایی بودجە دوا کەوت، بەڵام ئێستە ئەم کێشانە چارە کراوە تەنیا ماوە ئەرک بە دوو لیوا هاوبەشەکە بدرێت.

داعش لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق، لە بەرامبەردا بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە دەتوانن رێگە لە جموجۆڵی داعش بگرن. بەڵام وەفا محەممەد، شارەزای سەربازی بڕوای وایە، بۆ ڕێگرتن لە داعش دەبێت سوپای عێراق هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە زیاتر بکات.

دەوروبەری مەخموور و سنووری چیای قەرەچووغ، یەکێکە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە، زۆر جار ئەم ناوچانە بوونەتە جێگای جموجۆڵی داعش و ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان، بەڵام هێزی پێشمەرگە توانیویەتی پارێزگای لەو ناوچانە بکات کە لە ژێر دەستی خۆیدان.