دەستبەکارنەبوونی دوو لیوا هاوبەشەکە بە سوودی داعشە

دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خەریکە دەبێتە مەتەڵ، هەرجارە و پاساو و بیانووێک دەبێتە بەر بەست لەبەردەم دەستبەکاربوون و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دوو لیوایە.
وەک ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، ئەرکی لیوا هاوبەشەکان نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی عێراق و سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی دابینکردنی بوودجە و کێشە سەربازییەکانی دیکەی هەردوو لیوا هاوبەشەکە چارەکران، بەڵام لەبەر دەست بەکار نەبوونیان، چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، تەراتێن دەکەن.
شارەزایەکی کاروباری پێشمەرگەش بڕوایوایە دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە، کەمە و دەبێت زیاد بکرێن.
سەعید هەرکی شارەزای کاروباری پێشمەرگە "داعش هەر ماون، بە تایبەت لەو ناوچە بۆشاییانەی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا هەیە، بۆ نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەکان دەبێت هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە هەبێت، ئێمە زۆر هەوڵمان داوە کە هەرچی زووە ئەو دوو لیوان هاوبەشە دەست بەکاربن، هەرچەندە زۆربەی لەمپەر و بەربەستەکانی بەردەم دوو لیواکە تەواو بوونە، تەنیا ماوەتەوە هەردوو لیواکە دەست بەکار بن".
داعش لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق، لە بەرانبەردا بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، کە دەتوانن رێگە لە جموجۆڵی داعش بگرن.
بەڵام شارەزایەکی سەربازی بڕوای وایە، بۆ ڕێگرتن لە داعش دەبێ سوپای عێراق هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە زیاتر بکات.
وەفا محەممەد، شارەزای سەربازی "ئێستا داعش بووەتەوە هەڕەشە و مەترسی لە زۆر ناوچەکانی وەک خاڵس، داقوق، حەوزی کەرکووک و سنووری سامەڕا پەلاماری هێزە عێراقییەکانیان داوە، جمووجوڵەکانی داعش هەر بە تەنیا لە عێراق نییە، بەڵکو لە سووریا تەنیا ئەمساڵ 430 هێرشیان کردووە، هەربۆیە دەبێت هەماهەنگییەکی باشتر هەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە".
دەوروبەری مەخموور و سنووری چیای قەرەچووغ، یەکێکە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە، زۆرجار ئەم ناوچانە بوونەتە حەشارگە و ڕێگەی تەراتێنی داعش، هەرچەندە هێزی پێشمەرگە توانیویەتی پارێزگای لەو ناوچانە بکات کە لە ژێر کۆنترۆڵیدایە، بەڵام زۆرجار داعش بۆشاییەکانیان قۆزتووەتەوە و پەلاماری هێزەکانی سوپای عێراق.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەهۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان سەنگەرەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر پێكهێنانی چەند ژوورێكی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەو بۆشاییە ئەمنیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست بوون، لە نێویاندا پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش بوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا دوو لیواکە دەستبەکار نەبوون.