زیقار بە بێدەنگیی وشک دەبێت

گوندەکانی زیقار سەردەمانێک سەرچاوەی ڕاوەماسی و کشتووکاڵ بوون، بەڵام وشکەساڵی وەک گەردەلولێک هات و هەموو ئەو جوانیانەی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشا، خەڵکەکەش هیچیان بۆ نەمایەوە جگە لە بێدەنگییەکی پڕ لە ئازار.
کەمیی ئاو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ و ماسی، کۆچی گوندنشینانی بەرەو شارەکان بەرێژەی %25 زیادی کردووە. ئەو ناوچانە کەوتوونەتە نێو بازنەی سوور و ڕووبەڕووی مەترسی جیددی بوونەتەوە، گوندنشینانیش بۆ مانەوەیان لە زێدی خۆیان بەدوای تۆزقاڵێک هیوادا دەگەڕێن.
هاووڵاتییەک دەڵێت: بەدەست کەمی ئاوەوە گرفتارین، کشتووکاڵمان نەماوە. خەڵک بۆ بەسرە و کەربەلا و بەغدا کۆچ دەکەن. داواکاریمان لە حکوومەتە بەدەممانەوە بێت، با بە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان نەکەنەوە.
هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی سنووری زیقار دەڵێت: ئەوەی پەیوەستە بە ئاوەوە، ئاومان نییە، بەرهەمەکانمان لەناو چوونە. تەنیا چەند بیرێکی کەممان ماوە و ناتوانین پێی بژین. با بەرپرسانی چیتر کەمتەرخەم نەبن.
بەرپرسانی پارێزگای زیقار ڕوونی دەکەنەوە "قەیرانی وشکەساڵی گەمارۆی گوند و تەنانەت شارۆچکەکانی پارێزگاکەشی داوە، لەنێوانیشیاندا گوندەکانی شارۆچکەی سەید دەخیل، شارەدێی فەهود و شارۆچکەی دەوایە و سوق شیوخ. دانیشتوانی ئەم شارۆچکە و شارەدێیانە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەن چارەی بە پەلەیان بۆ بدۆزنەوە تا ئەو کەمە ژیانەی لەوێ ماوە ڕزگار بکرێت".
یاس خەفاجی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەڵێت: ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە. بەهۆی بێئاوییەوە سامانی ماسی لەناو چووە و سامانی ئاژەڵ کەم بووەتەوە. نزیکەی 10 شوێن لە سنووری پارێزگای زیقار لە بازنەی سووردان بۆ مەترسییەکانی وشکەساڵی، ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کۆبووەتەوە و مەترسییەکانی وشکەساڵی بۆ ڕوون کردوونەتەوە.
دۆسیەی ئاو، لەپارێزگای زیقار یەکێکە لە گرنگترین دۆسیەکان کە بووەتە هۆی ترس و دوودڵی خەڵک، چونکە کەمی بەردانەوەی ئاو دۆخی ئەم گوندانەی تەواو ناڕەحەت کردووە. قەیرانەکەش بەردەوامە. دانیشتووانی گوندەکان چاوەڕانن ساڵانە بەشە ئاویان زیاد بکرێت، چونکە ئەو ئاوەی بۆیان بەردەدرێتەوە ماوە ماوە کەم و زیاد دەکات.