تەماتە هەرزان بوو

تەماتەی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان
تەماتەی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان

نرخی تەماتەی خۆماڵی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەرزان بوو و هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاشکرا دەکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێک بوو، نرخی یەک کیلۆی تەماتەی خۆماڵی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتبووە نزیکەی 1600 بۆ 2000 دینار؛ بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و گەیشتووەتە 1000 دینار.

یەکشەممە، 18-08-2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نرخی تەمامەتە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەیشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، هەناردەکردنی تەماتە لە هەرێمەوە بووە بۆ پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، کەمال محەممەد، فرۆشیاری سەوزە و میوە لە عەلوەی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی گوت، "نرخی تەماتە ئێستا لە نێوان 1000 دینار بۆ 1100 دینارە، ڕاگرتنی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، وایکرد نرخی تەمامەتی خۆماڵی بۆ نزیکەی 2000 دینار بەرز ببێتەوە".

ئەو فرۆشیارە پێی وایە لە ماوەی داهاتوودا نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دادەبەزێت و نرخی یەک کیلۆی نزیک دەبێتەوە لە 500 بۆ 700 دیناری عێراقی.

ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و سوودی جووتیاران؛ بۆ ماوەیەک هاوردەکردنی ژمارەیەک بەرووبوومی کشتوکاڵی و لەنێویاندا تەماتە قەدەغە دەکات.

نرخی ئەمڕۆی بەشێک لە بەرووبوومی کشتوکاڵی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان:

تەماتە: کەمترین نرخ،  700 دینار و بەرزترین نرخیش 1100 دینار

باجان ڕەش: کەمترین نرخ،  800 دینار و بەرزترین نرخیش 1000 دینار

خەیار: کەمترین نرخ،  600 دینار و بەرزترین نرخیش 700 دینار

بامیا: کەمترین نرخ،  2000 دینار و بەرزترین نرخیش 3000 دینار

سیر: کەمترین نرخ،  2200 دینار و بەرزترین نرخیش 2500 دینار

خەس: کەمترین نرخ،  600 دینار و بەرزترین نرخیش 700 دینار

کەلەمی سوور: کەمترین نرخ،  450 دینار و بەرزترین نرخیش 600 دینار

کەلەمی سپی: کەمترین نرخ،  450 دینار و بەرزترین نرخیش 600 دینار

لووبیا: کەمترین نرخ،  1250 دینار و بەرزترین نرخیش 1500 دینار

بیبەری بە ڕەنگ: کەمترین نرخ،  2500 دینار و بەرزترین نرخیش 3000 دینار

بیبەری سەوز: کەمترین نرخ،  500 دینار و بەرزترین نرخیش 700 دینار