ئەمەریکا: پشتیوانیی 100  قوتابخانە و 30 ناوەندی چاودێریی تەندروستیمان لە شنگال کردووە

هاوکارییەکانی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ شنگال لەبواری پەروەردە
هاوکارییەکانی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ شنگال لەبواری پەروەردە

ئاژانسێکی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، لە ناوەڕاستی ساڵی 2018ەوە، پشتیوانیی 100 قوتابخانە و  30 ناوەندی چاودێری تەندروستی لە شنگال کردووە.

یەکشەممە 18ـی ئابی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە کە، ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 ەوە چالاکانە بەشدار بووە لە بەدەمەوەچوونی ئەو ئاڵەنگاریانەی بوونەتە ڕێگر لە سەقامگیریی و بەشدارییکردنی هەمووان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا.

دەڵێت: ئاژانسەکە بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمەڵگە خۆجێیەکان، تەنها لە قەزای شەنگال 82 دەستپێشخەریی کردووە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان. دەشڵێت: ئەم دەستپێشخەریانە بوونەتە پاڵپشتی بۆ نزیکەی 100 خوێندنگە و 30 ناوەندی چاودێریی تەندروستی و ژمارەیەکی زۆر لە خزمەتگوزاریەکانی دیکەی وەکو، ئاو  و شارەوانی و کارەبا و کشتوکاڵ و ناوەندەکانی تۆمارکردنی باری کەسی.

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا دەڵێت: ئەم هەوڵانە بوونەتە پەرەدان بە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئێزیدیەکان و کەمکردنەوەی ئەو گرژیانەی بەهۆی سنوورداریی خزمەتگوزاریی گشتیەوە لە ئارادا بوون.

Fly Erbil Advertisment