عەتوان عەتوانی: بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق دووپاتی دەکەنەوە، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە و بە تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە کێشەی مووچە بە تەواوی چارە دەبێت.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوە لەوەی دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچە و بە ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشی ڕاگەیاندووە: "بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قۆناغێکی باشی بڕیووە و بە کۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیەش کێشەی مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارە دەبێت".

لەلایەن خۆیەوە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی: "بابەتی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دانیشتنی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی باسکرا، دڵنیابووینەوە داتای فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێت و پرۆسەکە قۆناغێکی زۆر باشی بڕیووە، بە تەواوکردنی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، کێشەی مووچە چارە دەبێت و مانگانە بەبێ کێشە دەنێردرێت.

بەپێی زانیارییەکان وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی کۆتاییهاتووە بەڵام وردبینیکردن لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقش دەڵێت: تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

محەمەد شەممەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا بۆ کوردستان24 گوتی: "بابەتی مووچەی فەرمانبەران لە کێشەی سیاسی دوورخراوەتەوە، چونکە بابەتی مووچە پەیوەندی بە مووچەخۆرانەوە هەیە و دەبێت مووچەخۆر لەکۆتایی مانگدا مووچەکانیان دابەشبکرێت و ئەمە بابەتێکی مرۆییە، بۆیە ئێستا تاڕادەیەک چارەسەری ئەم کێشەیە کراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زیاتری هەردوولا هەیە.

ماوەی نزیکەی مانگێکە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام لە بەغداوە هەر جارە و بە بیانوویەک ناردنی مووچە دوادەخەن.

Fly Erbil Advertisment