پەیامنێری کوردستان24: بڕیارە سبەینێ بەغدا گوژمەیەکی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە بکات

K24 – بەغدا:
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: سبەینێ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، گوژمەیەکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق یەکەم گوژمەی مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نەخرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزیری دارایی عێراق بەچەند گوژمەیەک بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی دەرکردووە و بڕیارە سبەینێ یەکەم گوژمەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە دوایین کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی دڵنیایی داوە لەوەی دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچە.
هەروەها عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە: بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قۆناغێکی باشی بڕیووە و بەکۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیەش کێشەی مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارە دەبێت.
ڕۆژی 15ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوبووە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پارەی پێویست بۆ تەمویلی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.