بلینکن: ئەمە کۆتا دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل و ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی ئێستە کۆتا دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
دووشەممە، 19-08-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە تەلئەڤیی پایتەختی ئیسرائیل و لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کۆبووەوە؛ بڕیاریشە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆش کۆ ببێتەوە.
بلینکن، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل لە ڕایگەیاند "لەسەر داوای جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی تەلئەڤیڤی کردووە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە" و ڕایگەیاند "دانوستانەکانی ئێستە کۆتا دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد "ئێستە کاتی ئەوەیە دڵنیایی بدەن لەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست پەک بخات و کاریش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەن".
بلینکن نیگەرانیی ئەمەریکای لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران و حزبوڵلا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل نەشاردەوە و گوتی: بۆ بەرگری لە ئیسرائیل و پاراستمی هێزەکانمان، هیزی زیاترمان لێرە 'لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' جێگیر کردووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.
دووشەممە، 05-08-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل باجی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسییی حەماس لە تاران دەداتەوە؛ "بەڵام هێرشەکە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت".
بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی دەکەن، هێرشەکەی ئەم جارەی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەی مانگی نیسانی ڕابردووی فراوانتر بێت و لە چەند بەرەیەکەوە بکرێت، بە جۆرێک هەر یەکە لە حیزبوڵلای لوبنانی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، حووسییەکانی یەمەن و چەکدارەکانی حەماسیش بەشداربن لە هێرشەکەدا.