لە ماوەی 10 ڕۆژدا عێراق 150 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکی هەناردەی ئوردن کردووە
10 ڕۆژ پێش ئێستە، عێراق و ئوردن گرێبەستەکەی نێوانیان نوێ کردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستە عێراق 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، نائل زیایات گوتی: پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە 7ـی ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە، کە ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل بەپێی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات و هەمان مەرجەکانی گرێبەستی یاداشتنامەی پێشوو هەناردە دەکرێت، بەمەش تێکڕای بڕی گواستنەوەی مانگانە 450 هەزار بەرمیلە.
زیایات ئاماژەی بەوەش کرد "بارکردن و گواستنەوە بە هەمان شێوە بە تانکەرەکانی ئوردن و عێراق دەکرێت، کە ڕاستەوخۆ نەوت لە کەرکووکەوە دەگوازنەوە بۆ پاڵاوگەی نەوتی ئوردن لە زەرقا".
لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا، عێراق ڕازی بوو بە درێژکردنەوەی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ ئوردن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو تا 26ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو و بە هەمان مەرجی گرێبەستی پێشوو، کە لە ساڵی 2019ەوە لەگەڵ ئوردن ڕێککەوتبوو بەوەی ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بۆ دابین بکات. دواتر، لە مانگی ئایاری 2023 بڕەکە بۆ 15 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز کرایەوە. دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە، عێراق نەوتی کەرکووک دەگوازیتەوە پاڵاوگەکانی ئوردن.
عێراق نەوتی خاوی کەرکووک هەناردەی ئوردن دەکات کە کوالێتییەکەی نزمترە لە نەوتی خاوی باشوور.