بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری دارایی: دەستمان بە وردبینی کرد

بەرێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە دوێنێوە دەستمان بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ کردووە.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024، عەبدولڵا عەلی، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە دوێنی دووشەممەوە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ دەستی پێ کرد کە بریتین لە مانگەکانی چوارو پێنج و شەش .
بەرێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی گوتیشی: ئەم وردبینیە وەرزیە و بەپێ ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر یاسای بودجە کراوە کە سێ مانگ جارێک وردبینی لە خەرجی و داهات بکەین.
عەبدولڵا عەلی گوتیشی: هیچ وادەیەک بۆ کۆتایی وردبینیەکە دیاری نەکراوە، بەڵام چەند ئاسانکاری بکرێت و داتاکان بەردەست بن، پرۆسەکە زووتر کۆتایی دێت، دواتر ڕاپۆرتی هاوبەش بە ئیمزای هەردوولا دەدەینە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی تێبینیەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی ئاشکرای دەکات، بڕیارە ئەندامانی هەردوو دیوان دابەشی چەند تیمێک ببن و بەشێکیان وردبینی لە خەرجی و داهاتەکانی نەوتی و بەشێکیان خەرجی و داهاتەکانی نانەوتی بکەن. هاوکات جگە لە هەولێر، دەچنە هەر سێ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و دەروازە سنوورییەکان.