گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیای ئینێرفلێکس لە کێڵگەی کۆرمۆر 250 هەڵوەشێنرایەوە

کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە: دانەغاز
کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە: دانەغاز

کۆمپانیای دانە گازی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم (پێرل) داواکارییەکی بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی کۆمپانیای ئینێرفلێکس لە پرۆژەی زیادکردنی بەرهەمی گازی کێڵگەی کۆرمۆر 250 پێشکەش کردووە.

بە گوتەی دانا گاز، کۆمپانیای پێرل لە 19ی ئابی 2024، ڕایگەیاندووە بە هۆکاری سست و خاوی لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی بەگوێرەی ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئینێرفلێکس کۆتایی پێ هێناوە.

هەروا ئاماژەی داوە، لاوازیی کارکردن بەشێوەیەکی ڕیشەیی کاریگەریی لەسەر توانای کۆمپانیای ئینێرفلێکس هەبووە بۆ ئەوەی نەتوانێت لە کاتی دیاری کراودا پابەندی جێبەجێکردنی گرێبەستەکە بێت، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی کارەکانی پەرەپێدانی پرۆژەی کۆرمۆر 250 لە هەرێمی کوردستان. هەربۆیە کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم ناچار بوو ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکات لە پێناو ئەوەی پرۆژەکە لە کاتێکی گونجا و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی دانە غاز هاتووە "کۆمپانیای پێرل بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم، خاوەن پشکەکان و خەڵکی کوردستان کۆتایی بە گرێبەستی کۆمپانیای ئینێرفلێکسی هێناوە، ئەم هەنگاوەشی بۆ گەڕاندنەوەی پرۆژەکەیە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاست و تەواوبوونی لە کاتێکی گونجاودا".

هەروەها جەخت دەکاتەوە هەموو مافەکانی کۆمپانیای پێرل، بە داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیشەوە بە گوێرەی گرێبەستی مۆرکراو پارێزراوە.

Fly Erbil Advertisment