کایڵ وۆڵکر دوو کۆشکی گەورەی هەیە و لە باڵەخانەیەکدا دەژیت

بەپێی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، کایڵ وۆڵکر یاریزانی مانچێستەر سیتی گەرچی دوو کۆشکی گەورە و گرانبەهای هەیە بەڵام لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا دەژیت.
سەرچاوە بەریتانییەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە ئەم ئەستێرە ئینگلیزیەی مانچێستەر سیتی لە باڵەخانەیەکی کۆمەڵگەی سیتی سویتسی تایبەت بە یانەکەی دەمێنێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دوو کۆشکی گەورەیە و بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی 5 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەی سامانەکەی دەگاتە نزیکەی 32 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامە بەریتانییەکە نووسیویەتی: "کایڵ وۆڵکر لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی یانەکەی دەمێنێتەوە چونکە هیچ شوێنێکی دیکەی نییە بۆی بچێت، پێیوابوو ئانی کیڵنەر دەیباتەوە دوای ئەوەی بەیەکەوە پشووە خێزانییەکانیان بەهاوبەشی بەسەر برد بەڵام کیڵنەر بەم کارە رازی نەبوو".
وۆڵکر لە ژیانێکی ناخۆش و پڕ لە ئاژاوە دەژیت، کیڵنەری هاوسەری پێشووی رێگری لێکرد بگەڕێتەوە بۆ کۆشکەکەی لە چێشێر، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو منداڵی دووەمی لە لاورین گۆدمانی خۆشەویستی پێشووی هەیە، کە ئەمەشیان لە کۆشکی دووەمدا دەژیت.
وۆکەر هیواداربوو بگەڕێتەوە و لەگەڵ کیڵنەر و چوار منداڵەکەی بژیت بەڵام رێگری لێکرا و رۆژنامەی زە سەن نووسیویەتی: "وۆڵکر دەیویست چەند کەلوپەلێکی لەنێو کۆشکەکە بگوازێتەوە، تەنانەت رێگری لێکراوە ئەم کارەش بکات و ئێستا بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت".
لە ماوەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا وۆڵکر بە ئاشکرا داوای لێبوردنی لە کیڵنەر کردووە و داوای کردووە ئاشت ببنەوە و بە هاوڕێی گیانی وەسف کردووە، بەڵام هەوڵەکانی لە ئاساییکردنەوەی ژیان لەگەڵ کیڵنەر تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
