هەموو کارەبای نیشتمانیی دهۆک دەکرێتە سیستەمی "پریپەید"
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پلانیان هەیە لە داهاتوودا پێدانی کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگاکە بکەنە سیستەمی "پریپەید".
سێشەممە، 20-08-2024، حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە 11 هەزار هاوبەشی کارەبای نیشتمانیی لە سنووری ئەو پارێزگایە، کە سیستەمی پارەدانی پێشوەختە (پریپەید) بەکاردەهێنن؛ 24 کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا، لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سيستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتییان و حکوومەتیش سوودێکی زۆری دەبێت.
ماوەی دوو ساڵە سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە نێو بازاڕ و هەردوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئەڤرۆ ستی و گوندی فەرەنسی، لە شاری دهۆک و سەنتەرێ قەزای ئامێدی جێبەجێ دەکرێت. وەکو ئەوەی حازم محەممەد باسی کرد، لە پلانیاندایە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بکەنە سیستەمی "پریپەید" و بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێی ڕێنوێنییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبان.
لە سیستەمی پریپەید، هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت، کە ئەم شێوازە سێ سوودی گرنگی هەیە. یەکەم تێچوونی کرێی کارەبا لەسەر هاووڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆ کردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارە دەکات.
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا بۆ ماڵان و یەکەکانی نیشتەجێبوون 18 دینار و بۆ ڤێلا و شوێنە بازرگانییەکانیش 150 دیناری عێراقییە.
سیستەمی پریپەید، لە ڕێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و چالاک کراون.