سیروان ڕۆژبەیانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هاوکاری قەزاکانی مەخموور و شێخان دەکات

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا

K24 – هەولێر:

جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا، دەڵێت: 90%ـی خزمەتگوزاری بۆ سنووری مەخموور دابین کراوە، هەروەها هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکارییەکی باشی قەزاکانی مەخموور و شێخانیان کردووە.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەک حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا خزمەتی هەموو ناوچەکانی سنووری ئیدارەی نەینەوا دەکەن، ئەمڕۆ سەردانی مەخموریان کرد و لە نزیکەوە گوێیان لە داواکاری خەڵکەکەی گرت، چینی جوتیارانیان هەندێک کێشەیان هەبوو، لە ماوەی نزیکدا بۆیان چارە دەکەن.

جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا، دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی پارچە زەوییەک لە مەخموور بۆ مەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەروێلەیی، لە چەند مانگی داهاتوودا بەردی بناغەی دادەنرێت.

باسی لەوەش کرد، 90%ـی خزمەتگوزاری بۆ سنووری مەخموور دابین کراوە، هەروەها هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکارییەکی باشی قەزاکانی مەخموور و شێخانیان کردووە.

لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، سیروان ڕۆژبەیانی، گوتی: بڕیارەکە هەڵەبوو و ناکرێت لە شەو و ڕۆژێکدا 21 یەکەی ئیداریی بگۆڕدرێت، بەغدا کاتێ کە زانی بڕیارەکە هەڵەیە و نایاساییە دەستبەجێ ڕایگرت.

سێشەممە 20ـی ئابی 2024، هەریەک لە ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا سەردانی مەخمووریان کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سیروان ڕۆژبەیانی گوتی: ئامانجی سەردانمان بۆ مەخموور بۆ ئەوەیە گوێ لە داواکاریی خەڵک بگرین و خزمەتی هەمووان بکەین بێ جیاوازیی، لە کاتێکدا مەخموور بەهۆی هێرشی داعش زیانمەند بووە، بەردەوام دەبین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و ئەوەی پێویست بێت بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە جێبەجێی دەکەین.

دەشڵێت: بۆ کێشەی جووتیارانی مەخموور، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ کردووە بۆ ئەوەی وەکو پار لە شایستەکانیان بێ بەش نەبن.

Fly Erbil Advertisment