نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

K24 – هەولێر:
نرخی زێر لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21|ـیش 530 هەزار دیناری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی ئابی 2024) نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک 26 دۆلار لە نرخەکەی هەڵکشا و گەیشتە دوو هەزار و 531 دۆلار، لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش نرخی هەر مسقاڵێک لە زێڕی عەیار 21، بۆ 532 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بازاڕەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان بۆ ئەگەری کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی لە لایەن یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا گەڕاندەوە، هاوکات زیادبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لە دەرئەنجامی بەردەوامی شەڕی رووسیا و ئۆکڕانیا و ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خواستی لەسەر زێر وەک پەناگەیەکی سەلامەت بەرزکردووەتەوە بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێر دادەنرێت.