بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان تەواو کرا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: کارەکانی بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان تەواو بووە کە توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کارەکانی بەنداوی دێوانە کۆتاییان هاتووە کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و زۆربوونی سامانی ماسی.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ڕووبەری بەنداوەکە ملیۆنێك و 318 هەزار مەتردووجایە، بەرزییەکەی 42 مەترە، درێژییەکەی 260 مەترە،کارەکانی بە ڕێژەی 100% تەواو کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، بەنداوی دێوانە بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، گەشتیاری، سامانی ماسی کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
دەشڵێت: ئامانج لە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، پاڵپشتیکردنی جوتیاران و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی زەوی و ژینگە و ئاویش، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت.
ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوی چەمرگەی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر جەختی لەوە کردەوە، زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێرزەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە. گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سرووشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین، بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین .