لەڕووداوێکی هاتوچۆدا زیاتر لە 50 زیارەتکاری پاکستانی بوونە قوربانی
مێدیاکانی فەرمی ئێران بڵاویان کردەوە، 28 پاکستانی کە بەرەو عێراق دەچوون لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان سپارد و 23 کەسیش برینداربوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، پاسێکی هەڵگری زیارەتکارانی پاکستانی لە سنووری دەهشێری بەرەو تەفت لە پارێزگای یەزد وەرگەڕا و ئاگری گرت، کە لەئەنجامدا 28 کەس گیانیان سپارد و 23 کەسیش بریندار بوون، دەشڵیت: ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییەکان بەرز ببێتەوە."
بەپێی لێکۆڵینەوه سەرەتاییەکانی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران ڕووداوەکە درەنگانێکی ئێوارەی سێشەممە، له پارێزگای یەزد لە ناوەڕاستی ئێران ڕوویداوە، کە هۆکارەکە تەکنیکی پاسەکە بووە.
بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پارێزگاکە بە کەناڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند، "بەداخەوە 11 ئافرەت و 17 پیاو لەم ڕووداوەدا گیانیان سپارد، هەروەها حەوت برینداریش باری تەندروستییان خراپە و شەش برینداری دیکەش ئێستا نەخۆشخانەکەیان جێهێشتووە."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا، کونسوڵخانەکانی پاکستان لە ئێران بانگهێشت کراون بۆ پارێزگاکە بۆ بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونی ڕێوشوێنەکان.
لەلایەکی دیکەوە، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هاوخەمی کۆماری ئیسلامیی بۆ مردن و برینداربوونی زیارەتکارە پاکستانیەکان ڕاگەیاند، کە بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەیان لە ناو خاکی ئێران بوونەتە قوربانیی و لە ڕێگەدابوون بەرەو عێراق بچن بە مەبەستی بەشداری کردن لە چلەی ئیمام حسێن.
کەنعانی هەموو ئامادەییەکی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاندووە، بۆ تیمارکردن و چارەسەری پێویست بۆ زیارەتکارە بریندارەکان.
هەروەها سەید تەیموور حسێنی بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی لە پارێزگای یەزدی ئێران ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو پاسێکی مۆدێل 2019، پڕ لە زیارەتکاری پاکستانی لە سنووری دەهشێری بەرەو تەفت لە سنووری پارێزگای یەزد وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە 28 زیارەتکار مردوون و 23ـی زیارەتکاری دیکەش برینداربوون.