وەزارەتی پەروەردەی عێراق وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ڕاگەیاند
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و کاتی گەڕانەوەی مامۆستایانی بۆ دەوامی ئاسایی ڕاگەیاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاویکردەوە، سێشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دەبێت.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لە 15ی ئەیلوولی 2024 دەبێت هەموو مامۆستایانی عێراق بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان دەوامی ئاسایی دەست پێ بکەنەوە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان بکەن.
هەروەها پێشووتر وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، کە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەبێت سەرجەم مامۆستایانی فەرمی، گرێبەست و وانەبێژ بگەڕێنەوە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ڕانەگەیەندراوە.