عێراق لە لیستی پێوەرە گەشتیارییە جیهانییەکاندا نییە

K24 - هەولێر:
ڕاپۆرتی پێوەرەکانی گەشتیاری و گەشتوگوزار لە ساڵی 2024 کە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە دەریخستووە، عێراق لەڕیزی وڵاتانی پێوەری گەشتیاری و گەشتوگوزار لە جیهاندا نییە ، شارەزایەکی ئابووریش هۆکەی بۆ پشتگوێخستنی ئەم کەرتە لە لایەن حکوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، 119 وڵات ناویان لەنێو پێوەری گەشتیاری و گەشتوگوزار لە ساڵی 2024 هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلەی یەکەم و دوای ئەویش ئیسپانیا و ژاپۆن پلەی دووەم و سێیەمیان بەدەست هێناوە.
لەبارەی ناونەهێنانی عێراق، مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری ئاماژەی بەوەدا، حکوومەت ئەم کەرتەی نەخستۆتە نێو بەرنامەی کارە لەپێشینەکانیەوە و بەگشتی بایەخ بەو کەرتە نادات.
ئەو شارەزا ئابوورییە عێراقییە ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەندە کەرتی گەشتیاری جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە و خێرا و دڵنیایە لە بڕی کەرتی نەوت لە عێراق، وێڕای هەبوونی ئەو میراتە مێژوویی و ئایینییەی کە عێراق خاوەنییەتی بەڵام کەرتی گەشتیاری لە پاشەکشەدایە.