پاترییە نوێیەکەی سامسۆنگ خواست لەسەر زیو بەرز دەکاتەوە

K24 - هەولێر:
لەگەڵ پەرەسەندنی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی، سامسۆنگ پەرە بە جۆرێکی نوێی پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەدات کە زیو وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی تێدا بەکار دەهێنرێت. شارەزایەکیش دەڵێت ئەمە ڕەنگە نرخی زیو بەرز بکاتەوە.
کێڤن بامبرۆ، شرۆڤەکارێکی وەبەرهێنانە ئاماژەی بەوە کردووە، پێکهێنەری سەرەکی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بریتییە لە مەودای کارکردن، کاتی بارگاویکردنەوە، تەمەنی پاتری و سەلامەتی، ئەمە لە پاترییە نوێیەکەی سامسۆنگ بەرجەستە دەبێت، تەمەنی پاترییەکە دەگاتە 20 ساڵ و بە نۆ خولەک بارگاوی دەبێتەوە، جیا لەوەی توانای کارایی دەگاتە 600 میل.
هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان بەردەست نین، بەڵام بە گوێرەی خەمڵاندنەکان لە هەر خانەیەکی پاتری سامسۆنگ پێنج گرام زیو بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا پاترییەکی ئاسایی 200 خانە لەخۆی دەگرێت، ئەمەش بەو واتایەیە هەر ئۆتۆمبێلێک پێویستی بە یەک کیلۆ زیو هەیە.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەکات، پاترییە نوێیەکەی سامسۆنگ دەتوانێت خواست لەسەر زیو بەرز بکاتەوە و کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕی زیو لە جیهان دروست دەکات.