مایڵز کاگینز: بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 19 ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە
عەبدولڕەحمان شێخلی: راگرتنی نەوتی کوردستان زیانی بە بودجەی عێراق گەیاندووە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، گوتی: تا ئێستە ناکۆکی لەسەر گرێبەستەکانی نەوت هەیە بۆیە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێ نەکردووەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد"بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 19 ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە". پسپۆرێکی دارایی و بانکیش دەڵێت: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیی هەبووە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) و عەبدولڕەحمان شێخلی، پسپۆڕی دارایی و بانکی لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات، باسیان لە هۆکارەکانی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانێکی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە.
لە دەستپێکدا، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) گوتی: سوودانی و بایدن کاتێک کۆبوونەوە جەختیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئێستە عێراق بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمەوە 19 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، چاوەڕێن بەغدا هەنگاوی کردەیی بهاوێژێت بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، هاوکات داوا لە وەزیری نەوتی عێراق کراوە کە سەردانی ئەمەریکا بکات.
جەختی لەوە کردەوە، ئەپیکور و کۆمپانیا نەوتییەکان لە گفتوگۆدا دەبن لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئیدارەی بایدن، بۆ ئەوەی ئەگەر وەزیری نەوتی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات وا بکەن گفتوگۆکان بە ئاراستەی ئەوەی بێت بڕیار بدرێت دووبارە نەوتی هەرێم هەناردە بکرێتەوە.
گوتەبێژی ئەپیکور، باسی لەوە کرد، تورکیا چەندین جار ڕاگەیاندووە کە لوولەی نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەلایەن حکوومەتی عێراق دیاری کراوە بووەتە کێشە و تا ئێستە چارە نەکراوە و ناکۆکیی لەسەر گرێبەستەکانیش هەیە.
گوتیشی:چارەکە ئەوەیە گرێبەستی نوێمان هەبێت، گرێبەستە نوێیەکانیش پێویستیان بەوەیە رێگەچارەیەکی ڕوونیان هەبێت، هەروەها پێویستە حکوومەتی عێراق، هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر گرێبەستی نوێ ڕێککەون.
مایڵز کاگینز، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هەناردەکردنەوەکە دەستی پێ نەکردووە چونکە هەندێک ڕێککەوتن هەیە پەیوەستە بە بودجەی عێراقەوە، هەروەها قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستە نەخراوەتە سەر کاغەز و لەلاین وەزارەتی نەوتی عێراق پێداچوونەوەی پێوە نەکراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەریکا بەردەوام لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هێلە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بگەنە ڕێگەچارەیەک تا هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
هاوکات دەشڵێت: چاوەڕێ دەکەین بەغدا پێناسەیەکەی ڕوون و بەرچاومان پێ ببەخشێت و بزانین گۆڕان لە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا چۆن دەبێت. گوتیشی: هەموو شتێک لە عێراق بە سیاسی کراوە."
لای خۆیەوە عەبدولڕەحمان شێخلی، پسپۆڕی دارایی و بانکی، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق، هەر زیانێک بە هەرێم بگات بە عێراقیش دەگات، بۆیە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ عێراق.
ئەو پسپۆڕەی دارایی و بانکی، ئاماژەی بەوە کرد، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی هەبووە، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر بودجەی عێراق هەبووە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە "حکوومەتی عێراق پابەند کراوە بە چەندین ڕێکار و بنەمای دیاریکراو کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دانراوە، هەندێک لە ڕیکارەکان 21 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و هیچ گۆڕانێکیان تێدا نەکراوە".
ئاماژەی بەوە کرد "عێراق ناتوانین کۆنتڕۆڵی جڵەوی بازاری نەوتی خۆی بکات، چونکە کۆمەڵێک ڕێکاری لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەردا سەپێنراوە".
چوارشەممە 21ـی ئابی 2024 عەتوان عەتوانی سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق-تورکیا چارە نەکرێت و لایەنەکان ڕێکنەکەون، ئەوە بە مەبەستی چارەکردن دەستوەردان دەکەن.
شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا کۆبوونەتەوە، دواترینیان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی تورکیا، هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئەمادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام عێراق بێ لەبەرچاوگرتنی زیانەکان، بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی نەداوە.
لە 25ـی ئاداری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق-تورکیا ڕاگیرا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، لەڕووی بازاڕی وزەی جیهانیشەوە، ڕاگیرانی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم، بووەتە هۆی ناهاوسەنگی بازاڕی وزە، لەلایەکی دیکەشەوە، زیانی بە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کورستان کارمەند و ستافەکانیان کەم کردوونەتەوە، سەدان کارمەند و کڕیکاری ئەو کۆمپانیایانە کارەکانیان لەدەست داوە و هەروەها کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراقیش هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق پابەندی گرێبەستەکان نەبووە و ئامادە نییە هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە، خواستی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراق کەم دەکاتەوە.