وەزیری پەروەردە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ: مەسرور بارزانی خەمخۆرتانە

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی قوتابخانەیەکی نۆ پۆلی لە ناحییەی باسرمەی سەر بە هەریر بە مامۆستایانی وانەبێژی گوت: مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، مشورخۆر و خەمخۆرتانە.

پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024، بە ئامادەبوونى ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ـی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئۆلین فینۆ، نوێنەری ڕێکخراوی UNHCR، لە ناحییەى باسرمەى سنوورى قەزای هەریر، قوتابخانەی نۆ پۆلی سەرسورەی بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی قوتابخانەکەدا گوتی: هەموو کەرتی پەروەردەمان بە دیجیتاڵی کردووە، پرۆگرامەکانی خوێندنمان لەڕووی ناوەڕۆک و دیزاین دەستکاریی کرد و گۆڕی، بێ ئەوەی یەک دیناری بۆ خەرج بکەین و بەهەدەری بدەین، گوتیشی: ستراتیژیەتی ڕاهێنانی مامۆستایانمان دانا، زیاتر لە 150  قوتابخانەمان دروست کردووە و تا تەمەنی کابینەی نۆیەم تەواو دەبێت، دروستکردنی قوتابخانەکان دەگەیەنینە 200 قوتابخانە.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە 1650قوتابخانەیان نۆژەن کردووەتەوە، 468 ژووری نوێی خوێندنیان دروست کردووە، هەڵسەنگەندنیان بۆ تەواوی قوتابخانەکانی کوردستان بۆ ساڵی 2022 و 2023 کردووە، ئاستی قوتابخانە حکوومییەکانیان بەرزکردەوەتەوە.

ئالان حەمە سەعید گوتی: ئەو پرۆژانە هەموو ئەو بەڵێنانەن کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 10ـی تەممووزی 2019 لە پەرلەمانی کوردستان لە کارنامەی خوێندن ئاماژەی بۆ کرد و گوتی: گرنگیی دەدەین بە کەرتی خوێندن و پەروەردە، بۆیە لە وەزارەتی پەروەردە هەموو کارێکمان بە دیجیتاڵیی کردووە.

دەشڵێت: سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە قوتابخانەی نوێ دروست دەکەین، گوتی: 150 قوتابخانەمان دروست کردووە و دەیگەیەنینە 200 قوتابخانە، دەڵێت: شوێنی زیاتر لە 120 هەزار منداڵمان کردووەتەوە، گوتیشی: ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی 50 قوتابخانە نۆژەن دەکاتەوە،سەرباری ئەوەی 74 قوتابخانەمان کردووەتە وزەی خۆر، هەرچەند قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و کۆڕۆنا هەبوون.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە، کەم و کوڕی و پێوسیتیان هەیە، بەدوای کەموکوڕییەکانەوە دەچن و چارەی دەکەن، گوتی: هیچ لە بەربەستەکان ئێمەیان نەوەستاند، کتێبەکان ئامادە کراون بۆ قوتابییان، بۆ چاپکردنی ئەو کتێبانەش نزیکەی 25 ملیار دینار پێویستە، دەڵێت: لەماوەی ئەو کابینەیەدا بای 100 ملیار دینار پێوستیمان بۆ قوتابخانەکان کڕیوە، 58 هەزار تەختەی دانیشتمان بۆ قوتابخانەکان کڕی، ئەو پرۆژانەمان کردووە و جێبەجێ کردووە، بەڵێن نین.

بە وانەبێژانی گوت کە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مشورخۆر و خەمخۆرییانە، زۆر بەوردی لەسەر خەم و پرسی مامۆستا زۆر دیدێکی ڕۆشنی هەیە، گوتیشی:  5088 مامۆستای گرێ بەستمان کردووەتە هەمیشەیی، ئەوەی پێمان بکرێ بۆ مامۆستایانی وانەبێژان دەیکەین.

قوتابخانەی 9 پۆلی( سەرسورە)ـی بنەڕەتی تێکەڵاو لە سەر ڕووبەری 2500 مەتر چوارگۆشە کە لەلایەن شارەوانی دابینکراوە دروستکراوە، پێکهاتووە لە 9 پۆلی خوێندنی قوتابیان، بە گووژمە 500 هەزار دۆلار لەلایەن رێکخراوی UNHCR بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر و بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەڤەرەکە دروستکراوە.

قوتابخانەى سەرسورەی بنەڕەتی تێکەڵاو، 400 منداڵی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەرانی کەمپی سنوورەکە لێی سوود مەند دەبن.

Fly Erbil Advertisment