کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی وزە بیر لە جێهێشتنی عێراق دەکەنەوە

K24 - هەولێر:
هەرچەندە، کەرتی نەوت و گاز لە عێراق توانای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سرووشتی هەیە، بەڵام لاوازی ژێرخانی ئەو کەرتە، عێراق رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەکاتەوە.
عێراق لە پلانیدایە یەدەگی نەوتەکەی لە 145 ملیار بەرمیل بۆ 160 ملیار بەرمیل بەرزبکاتەوە، هاوکات کار دەکات تاوەکوو ساڵی 2027 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە و بگاتە خۆبژێویی لە گازی سرووشتیدا.
دوایین ئامارەکان دەریدەخەن، لە مانگی تەمموزی 2024 بەرهەمهێنانی نەوت بۆ چوار ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە حوزەیرانی ئەمساڵ تەنیا چوار ملیۆن و 190 هەزار بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا.
ئەگەر چی لەم ساڵانەی دواییدا هاتنی کۆمپانیا چینییەکان بۆ نێو کەرتی نەوتی عێراق زیادکردووە، عێراق خوازیارە نەخشەی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی لە کۆمپانیا بیانییەکان هەمەچەشن بکات، بەڵام خراپی ژێرخانی کەرتی نەوت و گاز، لاوازی چالاکی توێژینەوە و گەڕان بەدوای یەدەگی نەوتدا، هەڕەشە لەو ئامانجەی عێراق دەکات.
کۆمپانیای وود ماکنزیی ئەمەریکی پێشبینی دەکات، تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە عێراق دوو هێندە بەرزبێتەوە و بگاتە 4.4 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، بەرهەمهێنانی نەوتیش بگاتە پێنج ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، ئەمەش کەمترە لە ئامانجی ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا.
بەپێی ئامارەکان، ئەگەر چی بوونی یەدەگێکی بێ شومار لە نەوت و گاز لە عێراق کە بووەتە جێی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە کۆمپانیاکان بیر لە جێهێشنی عێراق دەکەنەوە ئەمەش بەهۆی کەمی قازانج لە بەرهەمهێنانی نەوتدا.
لەم بارەیەوە، کۆمپانیای وود ماکنزی ڕوونیکردووەتەوە، پرسی دارایی لە کەرتی نەوت و گازدا، ئاستەنگێکی مێژوویی بووە بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکان، تەنانەت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە لە لایەن حکوومەتەکانیانەوە پشتگیری دەکرێن، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی لە چالاکییەکانی توێژینەوە و گەڕان بەدوای نەوت و گازدا.
کۆمپانیا ئەمەریکییەکە ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی نەوت پێویستە بەسەر بەربەستەکان زاڵ بێت، بەتایبەتی چارەکردنی لاوازی ژێرخان، لەوانە بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو و تێرمیناڵەکانی هەناردەکردن و هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان.
لە مانگی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەمی مۆڵەتدانی دەستپێکرد، کە تێیدا مۆڵەتی بەرهەمهێنانی لە 29 کێڵگەی نەوت و گاز دایە کۆمپانیاکان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆربەی وەبەرهێنانەکان ئاراستەی ئەو سەرچاوە نەوتی و گازیانەن کە پێشتر دۆزرانەتەوە.