یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ زیاتر لە 152 ملیار دۆلار بەرزبووتەوە

K24 - هەولێر:
کۆی یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا لە یەک هەفتەدا بە دوو ملیار و 682 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 152 ملیار و 915 ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئاماری هەفتانەی بانکی ناوەندیی تورکیا، تاوەکو 16ـی ئابی 2024، یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندی بە یەک ملیار و 816 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 94 ملیار و 146 ملیۆن دۆلار.
لە هەمان کاتدا، یەدەگی زێڕ لە 57 ملیار و 903 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە بۆ 58 ملیار و 769 ملیۆن دۆلار. بەمەش، کۆی گشتی یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا لە 150 ملیار و 233 ملیۆن دۆلار بۆ 152 ملیار و 915 ملیۆن دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئابووریی وڵاتی تورکیا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەرێت و بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری ئەو وڵاتە، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 85 ملیۆن و 372 هەزار و 377 کەسن و کۆی گشتیی بێکاران، سێ ملیۆن و 305 هەزار کەسن.
هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەکە، دۆخی ئابووریی تورکیا ژیانی دانیشتووانی ئەو وڵاتەی زەحمەت کردووە، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 61.78%. هەروەها سنووری هەژاریی لەو وڵاتە بۆ خێزانێکی چوار کەسیی گەیشتووەتە هەزار و 840 دۆلار. هەرچەندە حکوومەتی ئەنقەرە باس لە باشتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی دەکات بەڵام ئاییندەی سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی تورکیا ناڕوونە.