کەمال موسلیم: حكوومەتی فیدراڵ زیاتر لە 500 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی نەناردووە

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، گوتی: بەم زووانە تەواوی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: حكوومەتی فیدراڵ زیاتر لە 500 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لاماوە لەگەڵ بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک، نەینەوا و تکریت، لەکاتێکدا پارەی جووتیارانی ناوچەکانی دیكەی داوە".

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، گرفتەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە حكوومەتی عێراق لەو بڕە گەنمە زیاتری لە جووتیاران کڕیەوە کە پلانی بۆ دانابوو، بەڵام قسەم لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە بەم زووانە کێشەکە چارە دەکرێت و پارەكە ڕەوانە دەكرێت.

لای خۆیەوە ڕابەر عەبدوڵڵا، نوێنەری جووتیارانی کۆیە بە کوردستان24ـی گوت: نەناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کورستان لەلایەن عێراقەوە ناحەقییەکی گەورەیە چونکە بریاربوو دوای هەفتەیەک لە ڕادەستکردنی گەنم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پارە بنێرێت.

هاوکات گوتیشی: بڕیارمانداوە لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کورستان ئەگەر لەو هەفتەیە عێراق پارەی گەنمی جووتیاران نەنێرێت دەچینە بەغدا و لەبەردەم وەزارەتی بازرگانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ڕێک دەخەین، داواشی لە نوێنەرانی کورد لەبەغدا کرد لەسەر ئەو ناحەقیەی دەرهەق بە جووتیارانی کورد دەکرێت هەڵوێستیان هەبێت.