کۆچی گەنجانی تورکیا بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە

K24 – هەولێر:

کۆچی گەنجانی تورکیا بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە و لە شەش مانگی ڕابردوو 10%ـی ئەوانەی کۆچیان بۆ بەریتانیا کردووە، هاووڵاتی تورکیان.

لە شەش مانگی ڕابردوو، 10%ـی ئەوانەی کۆچی بەریتانیایان کردووە، هاووڵاتیی تورکیان. سەرەکیترین هۆکاریش دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەیە و گەنجان لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر، هەوڵ دەدەن لە دەرەوەی تورکیا کار بکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە ڕێگەی ڕووباری مانشەوە بە بەلەمی بچووک هاتوونەتە بەریتانیا، ژمارەکەیان 13 هەزار و 489 کەسن. هاوکات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە 18% زیادی کردووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکە، 18%ـی کۆچبەران خەڵکی ئەفغانستانن، 13%ـیان ئێرانی و 10%ـیان خەڵکی تورکیان. لە ساڵی 2023ـدا 714  هەزار و 579 کەس تورکیایان بەجێهێشتووە، واتە کۆچ لە تورکیاوە بۆ دەرەوەی وڵات بەراورد بە ساڵی 2022، 53% زیادی کردووە.

ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا سەرووی 61ـە % هەرچەندە حکوومەت هەوڵی چاکردنەوەی دۆخی ئابووری دەدات بەڵام، ئاماژەکان پێمان دەڵێن، ئاساییبوونەوەی ئابووری تورکیا کاتێکی درێژی پێویستە.