باغدارانی ورمێ لە حکوومەتی ئێران بە گلەیین

پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پارێزگای جۆرەکانی میوە ناسراوە، دوای سێو، ترێ و گێلاس زۆرترین بەرهەمی میوەی پارێزگاکە ''شەلیل''ـە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، کە قۆخ و هەڵووژەقەیسیشی پێ دەگوترێت.
ساڵانە هەزاران تۆن لەم میوەیە لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دێت، بەشێکی لە ناوخۆ ساغ دەکرێتەوە و بەشی زۆری هەناردەی ڕووسیا و ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان دەکرێت.
باغە شەلیلەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە دەست بە ڕنین و چنینەوەی بەرەکەیان دەکرێت و نزیکەی مانگێک بەردەوام دەبێت، باغدارانی ناوچەکە شوکرانەبژێری داهاتەکەیانن، بەڵام دەڵێن تێچووی زۆرە و حکوومەتیش هاوکارییان ناکات.
باغەوانێک بە ناوی کەریم دەڵێت:بەرهەمی ئەمساڵمان باشە، بەڵام داهاتمان کەمە و خەرجییەکانیش زۆرن، لەگەڵ ئەمەشدا حکوومەت هیچ پشتیوانییەکی کەرتی باغداری و کشتووکاڵی ناکات، هەربۆیە ئێمە ناچاری بۆ وەبەرهێنانی باغ و زەوییەکانمان هەموو کارەکان لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆمان دەکەین.
لە وەرزی ڕنینی بەرهەمی باغەکاندا هەلی کار بۆ کرێکاران وەرزی دەڕەخسێت، بەڵام دەڵێن دەستهەقی ڕۆژانە کاریان نادیارە و دەستەبەری کۆمەڵاتییشیان نییە.
کرێکارێکی ڕنینی بەرهەمی باغەکانی ورمێ بە ناوی حەبیب دەڵێت: حکوومەت دەستهەقی کارکردنی دیاری نەکردووە و ئێمەش 20 ڕۆژ کار دەکەین تاوەکوو ئێستاش نازانین دەستهەقی کارکردنی ئێمە چەندە، ڕێگەکانیشمان دوورن و هاتوچۆکردنمان زەحمەتە.
لە پارێزگای ورمێ 120 هەزار هێکتار باغی جۆرەکانی میوە هەیە و سێ هەزار و 220 هێکتاریشی باغی شەلیلە کە نزیکەی 15 ساڵە باغدارانی ناوچەکە ساڵانە نزیکەی هەزاران تۆن لەم میوەیە بەرهەم دێنن.