محەممەدی حاجی مەحموود: ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەغدا نییە، قەزییەمان لەگەڵ بەغدا هەیە

حەمەی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
حەمەی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە دووەمین دیداری گوڵەخانە گوتی: ناوچەکە  خۆی بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە کردووە و خەڵکی کوردستان لێی بێ ئاگایە، دەشڵێت: ئێمە کێشەمان لەگەڵ عێراقدا نییە، قەزییەمان لەگەڵ عێراق هەیە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئێمە هەیە.

شەممە 24ـی ئابی 2024، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هۆڵی ئاشتی گوندی گوڵەخانە لە پارێزگای هەڵەبجە، دووەمین دیداری گوڵەخانەی بەناونیشانی(ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان)ـی بە ئامادەبوونی سیاسەتمەداران و چاودێران و ئەکادیمیستەکانی کوردستان دەست پێ کرد.

لە گوتاری دەستپێکی دیدارەکە، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد

"ناوچەکە خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردووە و کەشتییە سەربازییەکان بۆ ناوچەکە بەڕێوەن. ئەوەی تا ئێستا لەو گرژییانە بێخەمبێ، کوردستانە لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر هەیە، ئەوەش پێویستی بە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە هەیە، بۆ ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەکانەوە بچین".

سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "هەموو قوربانیی و ماڵوێرانییەکانی کورد بەستراوەتەوە بە مووچە و هاتن و نەهاتنی". لەبارەی کەرکووک و پێشهاتە نوێکانیشی گوتی: کەرکووک پرسی حزب و لایەنێک نییە، پرسی کوردستان و میللەتەکەمانە، چونکە  کە باسی کەرکووک دەکەین، 22 دەوڵەت دێتە سەر هێل، بۆیە تەنها ڕێگە بۆ چارەی پرسی کەرکووک، ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردە کە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشدار بن لە گفتوگۆکان. گوتیشی: هەر ئێمە باسی پێکەوە ژیان و فیدراڵی دەکەین، بۆیە دەبێ هەر بەخۆمان برینی خۆمان چارە بکەین، بۆیە داوای کرد کە لایەنە سیاسییەکان لەپێناو چارەیی کێشەکان کۆ ببنەوە.

گوتیشی: ئێمە کێشەمان لەگەڵ عێراق نییە، ئێمە قەزییەمان لەگەڵ عێراق هەیە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئێمەدا هەیە.

هەر لەبارەی دووەم دیداری گوڵەخانە، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی:

پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە پرسێکی ناوخۆیی و یاسایی و  ئیداریی دەرچووە، بووەتە پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەر گۆڕانکارییەک لەو ناوچانە پێویستیی بە جۆرێک لە ڕازی کردنێکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە ناونیشانی دیدارەکە کرایە ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی، چونکە پێویستمان بەوەیە کورد وەکو زۆرینەی ڕەسەنی ئەو ناوچانە، پلانێکی ستراتیژی و گوتارێکی نەتەوەیی هەبێت دوور لە هەر دیدو بووچوونێکی سیاسی و تایبەتی، بۆیە قسەکەرەکان خەڵکی ئەو ناوچانەن کەلەنێو بارودۆخەکاندان لەو ناوچانە، بۆ ئەوەی گرفتەکان و چارەسەرەکان دیاریی بکەن.

دەشڵێت: لەنێو دیدارەکە لێژنەیەک بۆ نووسینەوەی ڕاسپاردە و بەلاغی  کۆتایی پێک دێت، هەروەها لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، دیدارەکە بۆ بردنە پێشەوەی پرسی کوردە لەو ناوچانە، پێمان وایە ئەنجامی باشی دەبێت.

گوتی: کە دیدارەکە لە هۆڵی ئاشتییە، مەبەستمانە  لایەنە جیاوازەکان و دیدو بۆچوونەکان لەیەک کۆبکەینەوە، هاوکات دیدو بۆچوونەکان بخەینە ڕوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەکان.

24ـی تەممووزی 2023، لە گوڵەخانە، یەکەم دیداری گوڵەخانە دەربارەی تێپەڕبوونی سەت ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان، لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەرێوەچوو.

Fly Erbil Advertisment