بێنزێما تاهەتایە لە سعوودیە دەمێنێتەوە

کەریم بێنزێما ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ئیتیحادی سعوودی لە دیمانەیەکی لەگەڵ پێگەی فەرمی خولی رۆشنی سعوودیە دووپاتیدەکاتەوە تەنانەت دوای وازهێنانیش لە یاریکردن هەر لە سعوودیە دەمێنێتەوە.
کەریم بێنزێما لەبارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەی دەڵێت: لە کەمپە مەشقییەکەی ئەمجارە زۆر گۆڕانکاریی کراوە، ئەوەی گرنگە هەنگاوێک زیاتر بۆ پێشەوە بەرەو ئامانجەکەمان بڕۆین بەبێ ئەوەی رووداوەکانی رابردوو لەبیر بکەین چونکە پێویستە لە هەڵەکانمان فێربین.
کەریم دەشڵێت: دوای وازهێنانم لە یاریکردن لێرە لە سعوودیە دەمێنمەوە ئەمیش لەپێناو پێشخستنی زیاتری تۆپی پێی ئەم وڵاتە و لەپێناو کۆمەڵێک پڕۆژە کە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ داهاتوو.
ئەستێرەکەی پێشووی فەرەنسا هێما بۆ ئەوە دەکات: لە وەرزی رابردوو زۆر کێشەمان هەبوو، بیرمان هێندە لەسەر یاریی تۆپی پێ نەبوو، بەڵام ئێستا پێویستە قەرەبووی بکەینەوە.
کەریم بێنزێما باسی لۆران بلانی راهێنەری فەرەنسی دەکات و دەڵێت: لۆران ناوێکی زۆر ناسراوە لە ئەوروپا، شێوازێکی تایبەت بەخۆی هەیە و پشت بە بنیاتنانی هێرش دەبەستێت لەدواوە تا گەیشتن بە گۆڵی بەرامبەر، من رێگەی یاریکردنی زۆر شارەزام.
لە درێژەی دیمانەکەیدا بێنزێما ئاشکرای دەکات: لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە و لەوکاتەوەی یاریی تۆپی پێ دەکەم فشارم لەسەرە، بەڵام ئەو فشارانە بوونەتە ئامانج، سەبارەت بە وەرزی رابردوو ناڵێم فشارمان لەسەر بوو، تۆپی پێ یارییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هاوکاری هەمووان هەیە، من لەلای خۆمەوە بیر لەوە دەکەمەوە هەمیشە باشترین یاریی بکەم.
لە کۆتایی دەڵێت: یانەی ئیتیحاد پێویستی بە گۆڕانکارییە و پێویستی بە هێزی زیاترە بۆ ئەوەی رکابەری بکات و نازناوەکان بباتەوە، پێویستە هاندەرانیش لەپشت ئێمە بن و هێزی زیاترمان پێبدەن چونکە ئەوان یاریزانی ژمارە دوازدەن.