ئەمشەو مێژوو لە بەرژەوەندی بارسێلۆنایە

ئه‌مڕۆ بارسێلۆنا له‌ گه‌ڕی دووه‌می لالیگا 08:00ـی ئێوارە به‌كاتی هه‌ولێر میوانداریی ئاتلێتیك بلباو ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی 2001ـه‌وه‌ بلباو نه‌یتوانیوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌ بارسێلۆنا بباته‌وه‌.
ئەمڕۆ بارسێلۆنا له‌ دووه‌مین یاریی وه‌رزی نوێی لالیگا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یاریگه‌ی لویس كۆمپانێس و میوانداریی ئاتلێتیك بلباو ده‌كات، بارسا له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م له‌ یاریگه‌ی مێستایه‌ به‌ سێ خاڵ گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك له‌ ڤالێنسیای برده‌وه‌ ئاتلێتیك بلباویش له‌ یه‌كه‌مین یاریی به‌ گۆڵێك له‌گه‌ڵ خێتافی به‌رامبه‌ربوو.
بارسێلۆنا له‌م یارییه‌ به‌هۆی پێكان له‌ تواناكانی ئاراوخۆ، گاڤی، دی یۆنگ و ئانسۆ فاتی بێبه‌ش ده‌بێت، به‌رپرسانی بارساش تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ دانی ئۆڵمۆ تۆمار بكه‌ن و سه‌ره‌رای ئاماده‌بوونیشی به‌ڵام به‌شداریی یارییه‌كه‌ ناكات.

هانزی فلیك باسی گوندۆگان دەكات
هانزی فلیك راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییەكەی ئەمشەو رایگەیاند دڵگرانە بەهۆی رۆیشتنی گوندۆگان، لەمبارەیەوە گوتی: گوندۆگان هه‌میشه‌ یاریزانێكی نایاب بووه‌، لێره‌ و له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیاش كارم له‌گه‌ڵی كردووه‌، ئه‌و ده‌یویست له‌ بارسێلۆنا بمێنێته‌وه،‌ به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو رای گۆڕی و بڕیاریدا له‌ یانه‌كه‌ بڕوات.
فلیك گوتیشی: ئۆڵمۆ له‌ راهێنانه‌كان زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ و بۆ یارییكردن ئاماده‌یه،‌ بەداخەوە تا ئێستا ناتوانم یاریی پێبكه‌م و نه‌مانتوانیوه‌ له‌لالیگا تۆماری بكه‌ین ئه‌وه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی منه‌، كاسادۆ زۆر له‌ كیمیچ ده‌چێت له‌ رووی توانای جه‌سته‌یی و خێراییه‌وه‌ هاوشێوه‌ن، ئه‌م وه‌رزه‌ جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ پێكهاته‌كه‌م ده‌بێت.
فلیك دەشڵێت: بلباو یانه‌یه‌كی به‌هێزه‌ و فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان له‌ رووی به‌رگری و هێرشبردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام من متمانه‌م به‌ یاریزانه‌كانم هه‌یه‌ له‌م یارییه‌ ده‌توانین سه‌ربكه‌وین، نیكۆ ویلیامز یاریزانێكی زۆر نایابه‌، ده‌بێت زۆر به‌باشی ئاگه‌داری بین، كۆندێ ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر ده‌بێت.

له‌ دواین شه‌ش یاریی نێوانیان له‌ لالیگا بارسێلۆنا به‌ بلباو نه‌دۆڕاوه‌ دواین سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ی هه‌رێمی باسك به‌رامبه‌ر بلاوگرانا له‌ لالیگا ساڵی 2019 بوو وه‌رزی رابردووش له‌ هه‌مان یاریگه‌ بارسا به‌ گۆڵێكی ماركۆ گۆیۆ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا به‌ڵام بلباو له‌ جامی شای ئیسپانیا تۆڵه‌ی لێكرده‌وه‌ و له‌ چاره‌كی كۆتایی به‌ چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر دوو گۆڵ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و بارسێلۆنای ده‌ركرد، ئاتلێتیك بلباو مێژوویه‌كی باشی له‌ یاریگه‌ی بارسێلۆنا نییه‌، له‌ ساڵی 2001 ه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌ بارسا بباته‌وه‌.

.
.