زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە عێراق

ئەمڕۆ یادى چلەى ئیمام حوسێن، زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى مەزارگەى ئیمام حوسێنیان كردووە لە كەربەلا، تاوەكو ئێستا نزیكەی سێ ملیۆن و 500 ھەزار زیارەتكاری بیانی بۆ بەشداریكردن لەم بۆنەیەدا ھاتوونەتە عێراق. بەشێوەیەکی گشتی ئەم ژمارەیە کەمترە لە خەمڵاندنەکانی عێراق بەو پێیە مەزەندەی کردبوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی لەمساڵدا بگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس.

زیارەتكارێک دەڵێت: "نابێت ڕۆڵی گەورەی هێزە ئەمنییەکان لە فەراھەمكردنی كەشێكی ئەمن و ئارام بۆ ئەم بۆنە ملیۆنییە لەبیربکەین".

ساڵانە ملیۆنان هاووڵاتی شیعە بەشدار دەبن لە زیندووکردنەوەى ئەو بۆنەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەگوێرەى ئامارى فەرمی لایەنە پەیوەندارەکانى عێراق، سەردانى زیارەتکارانی بیانی كەمیكردووە، بەجۆرێك لە 18 ڕۆژدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە نێو عێراق و زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار زیارەتکاریش ڕۆیشتوونەتەوە.

زیارەتكارێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "ژمارەیەكی زۆری زیارەتكار لە ئێران و وڵاتانی دیكە ھاتوون، لەلایەن عێراقییەكانەوە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش كراوە و هیچ کەمتەرخەمییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پێشوازیکردن لە سەردانکەران نییە".

چلەی ئیمام حوسێن، چل ڕۆژ دوای كوژرانی دێت كە بە ئەربەعین دەناسرێت، لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و بە ڕۆژی ماتەمینی دادەنرێت.

 

Fly Erbil Advertisment