بێگەرد تاڵەبانی: یاداشتی لێکگەیشتن لە بواری کشتوکاڵ، لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن ئیمزا دەکەین
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند "بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن لەبواری کشتوکاڵ ئیمزا دەکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، یاداشتێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن لە بواری کشتوکاڵدا ئیمزا کرا، لەوبارەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، یاداشتی لێکگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن ئیمزا دەکەین".
ئاماژەی بەوەش دا،"ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێژە بەو پەیوەندییە دەدەین. بەتایبەتی لە بواری کاری ئیداریی و تەکنیکی و کەرتی کشتوکاڵ، ئەوەش دەبێتە ئەزموونێکی گەورە لەگەڵ وڵاتێکی خاوەن ئەزموونی گەورە لە بواری کشتوکاڵدا".
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، یاداشتی لێکگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن ئیمزا دەکەین، ئەوەش ئەزموونێک دەبێت بۆ ئێمە لەو شارەزاییانەی کە ئەوان هەیانە، هەروەها ئاوێتە کردنی ئەو توانایانەی کە هەردوولا هەیانە.
گوتیشی: ئەو یاداشتنامەیە لە 10 ماددەی جیاواز پێک هاتووە، بەڵام 13 بڕگەی جەوهەری لە خۆگرتووە، کە چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەسەر سێکتەری کشتوکاڵ بە هەردوو بەشی ڕووەکی و پەلەوەری و بەرووبومە ئاژەڵییەکان و کارگەکان، کە لە بواری پیشەسازی خۆراک کاردەکەن لە هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە دەبێتە ئەزمونێکی نوێ لە کۆی ئەو ئەزموونانەی کە هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا پێیدا تێ پەڕیووە، هەروەها بەتایبەتی لە ماوەی پێنج ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان.