ئەمڕۆ بایرن میونشن یەكەمین ئەزموون لەگەڵ ڤینسینت كەمپانی تاقی دەكاتەوە
بایرن میونشن، لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی بۆندزلیگا، بە ڕاهێنەرایەتیی ڤینسێنت کەمپانی، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، رووبەڕووی وۆلفسبورگ دەبێتەوە. یانە باڤارییەکە نزیکەی نۆ ساڵە، هیچ یارییەکی لە بۆندزلیگا بەرامبەر ڕکابەرەکەی نەدۆڕاندووە.
بایرن میونشن، دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو، پاش 11 وەرزی لەسەر یەک، نەیتوانی ناسناوی بۆندزلیگا بباتەوە، ناچار بە گۆڕینی ڕاهێنەرەکەیان بوو، دواجار ڤینسێنت کەمپانی لە شوێنی توماس توخێل دەست بەكار بوو.
کەمترین کەس پێشبینی ئەوەی دەکرد، ڕاهێنەرە بەلجیکیەکە لەسەر کورسی راهێنەرایەتی یانەیەکی وەکو بایرن میونشن دابنیشێت. کەمپانی ئەمڕۆ لە یەکەمین تاقیکردنەوەی لە بۆندزلیگا، سەرکردایەتیی یانە باڤارییەکە دەکات و لە گەڕی یەکەمی خولی ئەڵمانیا، لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەڕووی وۆلفسبورگ دەبێتەوە.
ڤینسێنت کەمپانی وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە پرێمەرلیگ، لەگەڵ بێرنلی بەشداری کرد، بەڵام ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون و لە یەکەم وەرزی بەشداری کردن لە خولەکە دووبارە یانەکەی دابەزییەوە چامپیۆنز شیپ، پاشان یانەکەی جێهێشت و ئەرکی ڕاهێنانی یانەی بایرن میونشنی وەرگرت.
ڕاهێنەرە بەلجیکیەکەی باڤارییەکان، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەکە ڕایگەیاند، زۆر لەسەرخۆیە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێ یەکەم یاریی بۆندزلیگا دەکات، هەروەها کەمپانی لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا، هەواڵێکی رۆژنامەی ئاتڵێتیک بە درۆ دەخاتەوە.
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن رایگەیاند توڕە نییە و زۆر لەسەر خۆ كارەكانی دە كات، دەشڵێت: بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یەکەم یاری بۆندزلیگام. رۆژێکی مێژوویی و گەورە دەبێت بۆ من، ئێمە خۆمان بە باشی ئامادە کردووە. هەموو شتێک پەیوەستە بەو یاریزانانەی کە بەشداری ئەم یارییە دەکەن.
كەمپانی گوتیشی: هەستێکی زۆر ئەرێنیم هەیە و دڵنیام دەتوانین وەرزێکی نایاب بەرێ بکەین. لەبارەی ئەوەی گوایە دێ لیخت یاریزانی دڵخوازی من بوو و بەبێ رەزامەندی من، بەرپرسانی یانەکەم دەستبەرداری بوون، دەمەوێت بڵێم ئەو قسانە راست نین، هیچ کاتێک راهێنەر ئامادەنیە لەو بارودۆخە، کە یاریزانێک هەوڵی جێهێشتنی یانەکەی دەدات، ئەمجۆرە قسانە بکات''.
یانەکەی هەرێمی باڤارییا، واتە بایرن میونشن، نزیکەی 9 ساڵە هیچ یارییەکی بەرامبەر وۆلفسبۆرگ لە بۆندزلیگا نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانیان بەرامبەر رکابەرەکەیان، ساڵی 2015 بوو بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ، لەو کاتەوەش 18 یارییان بەرامبەر وۆلفسبورگ بردووەتەوە.