د. محەممەد شوکری: لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە گەنمی وەرنەگیراوی جووتیاران وەردەگیرێت
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە جووتیاران دەکەین ئەو گەنمەی کە ماوە تاکوو 11ـی ئەیلوول ڕادەستی ئەو کۆمپانیانە بکەن کە دیاری کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو ساڵە لیژنەیەکی بەردەوام هەیە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، پار ساڵ پرۆسەکە جێبەجێ کرا، لە ڕێگەی ئەو پرۆژانەی کە تایبەت کراون بۆ وەرگرتنی گەنم و بە بازاڕ کردنی لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: پرۆسەکە ئەمساڵ لە 8ـی ئاب دەستی پێ کردووە، نووسراو کراوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە دیاری کراون، لە سلێمانی گەرمیان و ناوچەکانی دیکە کۆمپانیای قەیوانە، لە هەولێر و دهۆکیش کۆمپانیای خۆشناوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: بەپێی بڕیارێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراومان بۆ هاتووە کە هەندێک کۆمپانیای دیکەش هەن، کە بیانەوێ بەشداری بکەن بە پێی ئەو ڕێکارییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایناوە دەتوانن بەشداریی بکەن. بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەندێک ڕینمایی تایبەت دانراون، پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی کە ئاماژەیان پێ کراوە گەنم وەربگرن، هەروەها تاکوو 11ـی ئەیلوولیش وەرگرتنەکە بەردەوام دەبێت".
گوتیشی: بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی پێشەکەش دەکرێن، هەروەها بەپێی ئەو بەدواداچوونەی لیژنەی پار دایناون کە پێویستە بکرێن و ئەم گەنمەی ماوەتەوە لە جووتیارانی کوردستان وەربگیرێن.
ئەوەشی خستە ڕوو "نرخی تایبەتیش بۆ گەنمەکە دانراوە، چونکە نرخی بازاڕ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، دوو نرخمان داناوە 575 هەزار و 600 هەزار دیناری عێراقیە بۆ هەر تەنێک بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەردەوام بێت و بۆ ئەوەی جووتیارانیش سوودمەند بن پارەکە بە دوومانگ بدرێتەوە".
محەممەد شوکری ڕاشیگەیاند "داوا لە جووتیارانیش دەکەین گەنمەکانیان ڕادەستی ئەم کۆمپانیانە بکەن کە دیاری کراون بۆ ئەوەی ئەو گەنەمەی ماوە و ڕادەستی عێراق نەکراوە بەپێی ئەو تایبەتمەندییەکان وەربگیرێت".