خالید موسا: لە بواری کشتوکاڵ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێدەدەین

خالید موسا، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن
خالید موسا، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن

K24 – هەولێر:

به‌ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و ئاستی هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی شانشینی ئوردنی یاداشنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد.

خالید موسا، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان مەبەستێتی ئاشنا بێت بە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمەکە، بە تایبەت ئەو جۆرەی کە بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئوردن پێویست و گرنگە.

وەزیری کشتوکاڵی ئوردن، دەڵێت: لە بواری کشتوکاڵ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێدەدەین و کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا دەکەین و ئێمە گرنگی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەین.

به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و ئاستی هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی شانشینی ئوردنی یاداشنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد.

لای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، گوتی: بە دڵنیاییەوە پێم وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، سەرنجی ڕاستەوخۆی لەسەر چۆنیەتی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بووە، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی هۆڵەندا، کەنداو، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، توانیوانە پەیوەندییەکی زۆر باش دروستبکەن لە وەرگرتنی ئەزموونی زانستی پێشکەوتووی وڵاتان.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 24ـی ئابی 2024 خالید موسا، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن بە سەردانێکی فەرمی لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.

ئامانجی سەردانەکەی وەزیری کشتوکاڵی ئوردن بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییەکانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئوردنە.