مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی خۆشحاڵن بە بڕیاڕەکەی مەسرور بارزانی

مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی
مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی

مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی بە بڕیاڕەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کردنی مامۆستایانی وانەبێژ بە مامۆستای گرێبەست دڵخۆشن و بەڵێنی پابەندبوون بە بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن و فێربوون لەو سنوورە دەدەن.

یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، مامۆستایانی وانەبێژ لە شاری سلێمانی دوای بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان گرێدا و تێیدا دڵخۆشی خۆیان بە بڕیاری گرێبەست بوونیان نیشاندا و بەڵێنیاندا پابەند بن بە بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن لە سنوورەکانیان.

25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، مامۆستایانی وانەبێژ خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەربڕی و دووپاتیان کردەوە، کە نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزییانە بۆ کەرتی پەروەردە و هەمیشە پشتیوانی لە مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن بووە و داواشیان کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی بکرێنە گرێبەست.

دوای گوێگرتن لە قسە و داواکارییەکانی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد: هەرێمی کوردستان بێبەش بووە لەو ڕێژەی دامەزراندنەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق کردوویەتی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: هەندێک کەس لە بەغدا هەوڵی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەدەن و هانی حکوومەتی فیدراڵی دەدەن مووچە ڕەوانە نەکات و دێنەوە کوردستانیش هەوڵی جووڵاندنی مامۆستایان و هاووڵاتییان دەدەن تاوەکوو گلەیی بکەن، لە کاتێکدا، ئەوانەی خەڵکی کوردستان نانبڕاو دەکەن کەسێکی دیکەیە، بەڵام ڕووی ڕەخنە و گلەییەکان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئەوانە دێن ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و ئەو داوایەش لە خەڵک دەکەن کە ناڕازیبن، بەڵام نایەن هۆکارەکان دیاری بکەن و گلەیی و ناڕەزایەتییەکە ئاراستەی ئەو لایەنە بکەن کە بووەتە هۆکاری نانبڕینی ئەو خەڵکە.

هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە: هۆکاری ئەوەی تاوەکوو ئێستا نەیانتوانییەوە لەوەی خواستی ئەوان بووە لە خزمەتکردن ئەنجامی بدەن بەهۆی بەستنی دەستی حکوومەتی هەرێم بووە لەو ئیمکانیاتانەی کە هەقی مامۆستایان و هاووڵاتییان بووە، حکوومەتی فیدراڵی نەیهێشتووە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت.

Fly Erbil Advertisment