تیاگۆ مۆتا پێیوایە بەختێكی گەورەی هەیە
تیاگۆ مۆتا راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر هێلاس ڤیرۆنا لە گەڕی دووەمی سێریائەی رایگەیاند ئەوان رووبەڕووی تیپێکی بەهێز دەبنەوە و لە هەمان کاتیشدا نەیشاردەوە راهێنەرێکی بە بەختە، چونکە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی لێهاتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26 ئابی 2024، لە گەڕی دووەمی سێریا ئەی ئیتاڵیا، یانەی یوڤێنتۆس لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی هێلاس ڤیرۆنا، یارییەكەش لە كاتژمێر 09:45 خولەكی شەو دەكرێت.
تیاگۆ مۆتا لە یەكەمین یاریی ئەم وەرزەی وەكو راهێنەری نوێی یانەی یوڤێنتۆس توانی سەركەوتنێكی گەورە بەرامبەر یانەی كۆمۆی تازەمیوانی سێریا ئەی تۆمار بكات، ئەمڕۆش دەیەوێت هەمان سیناریۆ بەسەر هێلاس ڤیرۆنا دووبارە بكاتەوە.
تیاگۆ مۆتا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی یارییەكەی ئەمڕۆی رایگەیاند یاریزانەکانی بە شێوەیەکی باش ئامادەکارییەکان بۆ ئەو یارییە کردووە. دەشڵێت: هێلاس ڤێرۆنا لە یارییەکەی بەرامبەر ناپۆلی، توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوە بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەوەیان پیشانداوە کە تیپێکی بەهێز و رکابەرن، واتە ئەوە مانای ئەوەیە ئێمە ئەمجارە رووبەڕووی تیپێکی قورس دەبینەوە.
تیاگۆ مۆتا گوتیشی: هێلاس ڤیرۆنا لە هێرشە هەڵگەڕاوەکان زۆر بەهێزە و دەزانێت چۆن سوود لەو هێرشانە دەبینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەكەم راهێنەرێکی خۆشبەختم، لەبەر ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانم کە تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە، هەموو ئەو یاریزانانە زۆر گونجاون و چانسی ئەوەیان هەیە بەردەوام لە پێکهاتەی سەرەکی بن.
مۆتا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد دانیلۆ دوێنێ لە کاتی راهێنانەكان هەستی بە ئازار کردووە، پێش یارییەکە چارەنوسی یەکلایی دەکرێتەوە، گوتیشی: بەڵام میلیک هێشتا لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە و بۆ ئەم یارییەش بەردەست نابێت، ئێمبانگولا بارودۆخی باشە و بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبێت.