بارسێلۆنا لە گرێبەستی کیێزا نەکشاوەتەوە و لیڤەرپوولیش دێتە نێو رکابەرییەکە
میدیاکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا هەر رۆژە و بەجۆرێک باس لە گواستنەوەی فیدریکۆ کیێزا بۆ بارسێلۆنا دەکەن، یەکێکیان رەتیدەکاتەوە و یەکێکی دیکە دەنووسێت یانە کەتەلۆنییەکە نزیکە لە یاریزانە ئیتاڵییەکە.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی و نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ئاشکرای کردووە: "بارسێلۆنا هێشتا لە کێبڕکێدایە بۆ گواستنەوەی کیێزا و هەموو شتێک پەیوەستە بە وەرگرتنی رەزامەندی لالیگا بۆ تۆمارکردنی ئەم یاریزانە".
سپۆرت ئاماژەی بەوەش کردووە: "کیێزا بەپەرۆشە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات و ئامادەیە کەمێک چاوەڕێ بکات و رێککەوتنیش لەگەڵ یوڤێنتۆس هیچ کێشەیەک نییە".
لەلایەکی دیکەوە فابریزیۆ رۆمانۆی ئیتاڵی کە تایبەتمەندە بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئەمڕۆ هێمای بۆ ئەوە کردووە لەوانەیە فیدریکۆ کیێزا بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە بکات.
لەلایەکی دیکە دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی بەناووبانگ بڵاویکردووەتەوە فیدریکۆ کیێزا و بڕیکارەکەی دەیانەوێت رۆژێکی دیکەش چاوەڕێ بکەن تا بزانن ئایا بارسێلۆنا دەتوانێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، لە ئەگەری بێهیوابوون لە بارسێلۆنا دەست دەکەن بە بیرکردنەوەی لە بژاردەی دیکە وەکو یانەی لیڤەرپوول.