مامۆستایانی وانەبێژ لە ئاکرێ: خانەوادەکانمان بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دڵخۆشبوون

مامۆستایانی وانەبێژ لە ئاکرێ
مامۆستایانی وانەبێژ لە ئاکرێ

مامۆستایانی وانەبێژ لە ئاکرێ دەڵێن: نەوەک هەر خۆمان، بەڵکو خانەوادەکانیشمان بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دڵخۆشبوون کە لە مامۆستایانی وانەبێژەوە کراین بە مامۆستای گرێبەست.

سێشەممە،27ـی ئابی 2024، مامۆستایانی وانەبێژی ئاکرێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیان کرد کە فەرمانی گرێبەستبوونی ئەوانی دەرکرد. هاوکات سوپاسی هەوڵی وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعیدیان کرد کە بۆ ئەو چەند ساڵەی پشتیوانی داخوازییانی کردووە.

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ئاکرێ دوو هەزار و 594 وانەبێژن، گوتیان: دوای بڕیاڕەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خانەوادەکانیشمان زۆر دڵخۆشبوون چونکە ئەمڕۆ هەست بە دڵنیایی دەکەین، ئێمەش وەک هەر مامۆستایەکی ئاسایی مافمان هەیە و لە پرۆسەی فێرکردن و پەروەردەدا بەردەوام دەبین.

دەشڵێن: ئەو کاتەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دانیشتین و داوای مافەکانی خۆمان کرد بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران پشتیوانی لە داخوازیەکانیان کردووە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی پەروەردە، هاوکات هیوا یان خواست بارودۆخی دارایی کوردستان باش بێت و بۆ هەمیشەیی دابمەزرێن.

25ـی ئابی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

26ـی ئابی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە 264، بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ وردبینیکردن لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە بڕیارە ڕۆژی (5ـی ئەیلوولی 2024) بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

ئالان حەمەسەعید فەرمانی دەرکرد، پێویستە ئەو لێژنەیە تاوەکوو (9ـی ئەیلوولی 2024) کارەکانی وردبینیکردن لە لیستی وانەبێژان تەواو بکەن و پاشان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بەگرێبەستوونی بۆ دەربچێت.

هەمان ڕۆژ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کرد، داوای کرد لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە (5ـی ئەیلوولی 2024) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment