بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران بە تومەن بووە لە بری دۆلار

دۆلار و تومەن
دۆلار و تومەن

سێشەممە 27ی ئابی 2024، ئەندامێکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران–عێراق ئاشکرای کرد بەشی زۆری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە هەردوو لایەنی هەناردە و هاوردە کردنەوە بە تومەنی ئێرانی بووە.

شەعبان فروتەن، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران–عێراق بە مێدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە "زۆرینەی هەناردەکارانی ئێرانی مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق بە تومەن بووە. ئەمەش بۆ کۆتاییهێنانی مامەڵەکردن بە دۆلار نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری بازرگانەکان خۆویستیانە ئاڵوگۆڕی دراوی مامەڵە بازرگانییەکانیان لە دۆلارەوە بۆ تومەن گۆڕیوە.

فروتەن ئاماژەی داوە "هۆی گۆڕینی بەشێک لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بۆ تومەن، ئەوەیە کە پابەندبوون بە بازرگانیی بە دۆلار هەموو جۆرە کاڵاکان ناگرێتەوە و بەهۆی سەپاندنی سزاکانی سەر بانکەکانیشەوە دەستکەوتنی دۆلار هەروا ئاسان نییە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕەکان بە تومەن کراوە نەک دۆلار.

 هەروەها ئاشکرای کردووە "لێشاوی هەناردەی کاڵا و کەلوپەلی ئێرانی بۆ بازاڕەکانی عێراق، گرفتی کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی بۆ بازرگانیی و بازاڕی ناوخۆی ئێران دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە نرخی پێداویستییەکان لەم ماوەی ئەمساڵ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەرز بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت پێچەوانە ساڵانی پێشوو، لە بازاڕی ئێراندا نرخی کاڵاکان زیاتر لە جارێک بەرز ببێتەوە".