وەزیری پەروەردە: 42 باڵەخانەی نوێ بۆ پرۆسەی خوێندن دەچنە بواری خزمەتەوە

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەونە بواری خزمەتەوە.

27ـی ئابی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 152 باڵەخانەی نوێی دیکەش لە ساڵانی ڕابردووی کابینەی نۆیەم کەوتونەتە بوار خزمەتەوە، بەمەش تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو باڵەخانە نوێیانەی دەکەونە بواری خزمەتەوە دەبێتە 194 باڵەخانەی نوێ.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو باڵەخانە نوێیانە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەخشەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تەواوکراون.

هاوکات ئالان حەمەسەعید ئاشکرای کردووە: لەم کابینەیەدا بە باڵەخانە نوێیەکان و دروستکردنی ژووری زیادە توانیومانە شوێنی نوێ بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی بکەینەوە لە کەرتی حکوومی.